وا دڵ لە خەیاڵاتی نیهان پڕ غەمە ئەمشەو

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  1066 مشاهده
وا دڵ لە خەیاڵاتی نیهان پڕ غەمە ئەمشەو
ڕووی گونبەدی دەوران لە هەناسەم تەمە ئەمشەو
گەر خاکی تەئەسسوف بەسەرا کەم لە فیراقت
بۆ حەسرەتی من توڕڕەیی عالەم کەمە ئەمشەو
غەرقم لە غەمی یادی برۆت بەسکی لە هیجران
وەک ماڵی کەمان قەددی زەعیفم خەمە ئەمشەو
وەک جەیشی مەلەخ لەشکری غەم موڵکی دڵی گرت
بۆ کشتی ئەمەل داسی تەڵەب بێ دەمە ئەمشەو
ها سینە و ئەشک و دڵ و غەم بێنە حیمایەت
بوریان و کەباب و نمەک و سفرەمە ئەمشەو
وەک خاتەمی تۆ نەقشە لەجێی ناخونی حەسرەت
ئەم زەخمە لە شەوقت کە لەڕووی سینەمە ئەمشەو
مەعلوومە کە گریەم لە هەوای کەعبەیی ڕووتە
بەم ئەشکە لە دیدەم کە دەڵێی زەمزەمە ئەمشەو
سامانی دڵی غەمزەدە جانا لە فیراقت
وەک سیلسیلەیی زوڵفی خەمت دەرهەمە ئەمشەو
سالمتخلص لە هەوای مەجلسی ئەو جێگەیە قەددم
وەک بەربوت و نەی تا بە سەحەر ناڵەمە ئەمشەو