لە کوردستاندا گرانی

از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
 2 دقیقه  1074 مشاهده
سەیری دنیا کە لەگەڵ مەنزەرەیی وێرانی
دوور بە لێی خوێنی برینی دڵە ڕێگاوبانی
یەک دوو سێ پارچە کەلاوە نەبێ ماوە ئەسەری
جێگە هێلانەیی ئاوای نییە تا بڕوانی
شیددەتی گەرمی لە دوو چاوت ئەدا سەیری بکەی
کێوی خاکستەری گەرمە لە هەموو مەیدانی
کوا دێهاتی کە لە خاکی هەموو شێر بوو دەرئەکەوت
فەخری تەئریخی جیهان بوو ئەسەری شێرانی
کوا ئەوانەی قسەیان عەکسی ئەدایە دەرودەشت
پرسی دنیا کە لە کوێن عالەمی بێ پایانی
ئەمڕۆ هیچی نییە مەجمووعی حیکایە و مەسەلە
هەر برینی دڵە ماوە ئەسەری عومرانی
جێگری سەبزەیی باغ و چەمەنە خاکی سیا
سەد هەزاران گەمەی ئاهەنگی لەتیف و جوانی
نایەتە حەددی نیهایەت لە وڵاتما برسی
بۆتە یەک مەقبەرە هەر عائیلەیی جارانی
هەر خراپە کە دەچێ ڕۆح لەبەرێ دەنگی نییە
دڵ وەکوو بەردی ڕەق ئەتوێتەوە بۆ نیشتوانی
تەڕەفێ فاجیعە ئەکڕێنێتەوە جەرگی وەتەن
تەرەفێکیشی ڕەوە گورگە بەدەم و دندانی
وەک دڕندە لەشی بێ چارە و بێکەس ئەگەزن
زەفەری ئاخری تورکان ئەمە بوو ئیحسانی
ئەی شەهیدانی وەتەن، ئەی بەفیدای خاکی وەتەن
عەزمتان زیندووە نامرێ بەخودای ڕەببانی
چونکە مەعنای وەتەنت مەملەکەتی ئیسلامە
نەوەکوو شام و حیجاز و یەمەن و کەنعانی
تۆ کە خوێنت بەفیدا کرد بگەیە مەقسەدی خۆت
تۆ کە حەملەت ئەنەدۆڵ بوو کە نەما ئیمانی
حیرەتی خستە جیهان هەروەکوو ئەجدادی کیرام
بێ شک و شوبهەیە تۆ ئەرشەدی کوردستانی
وا مەزانە لە دڵا خوێنی شەهیدیت کەم ئەبێ
یەکسەر ئەم مەشریقە ماتەم گرتوون، ئینسانی
عەزمی تۆ مەقسەدی تۆ هەرچی کە بوو بێ هەر ئەبێ
مەحو ئەکا مونتەقیم ئەڕواحی، زەلووم و جانی
سەعی تۆ ڕێی حەقە بۆ میللەتی خۆت، ئیستیقبال
سەر دەخا تاجی زەفەربەخشی ئەکا ئیستیقلال