حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ

از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
 1 دقیقه  1117 مشاهده
حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ
لە ڕێگای عەشقی تۆدا گوم ببم یەک ڕەهبەرم ناوێ
تەماشای زولفی ئاڵۆزاو و سەرمینایی گەردن کەم
لە سەحنی گوڵشەنا هیچ سەیری عوود و عەنبەرم ناوێ
سەعاتێ هەمنشینی تۆ ببم ئەقسایی ئامالە
ئیتر حوور و قوسوور و لەحمی تەیر و کەوسەرم ناوێ
بە وەعزی واعیز ئەمڕۆ چونکە عالەم حاڵی گۆڕاوە
هەتا موشکیی عەلیخانی بوەستێ مێزەرم ناوێ
ئەگەر دوو سێوی زیوینی لە باخی سینەدا دەرخا
هەتاکوو ڕۆژی مردن شەرتە تەختی سەنجەرم ناوێ
ئەسیری حوسنی تۆم، ئازادی تەعنەی عالەمم بیللا
لەباتی خاکی بەردەرگانەکەت سیم و زەڕم ناوێ
تەقەی دەف، حەلقەیی دەروێش، ئەڵێی نانێکی بێ خوێیە
کە نووری مەعریفەت گوم کەم چراغی ئەختەرم ناوێ
لەڕێی تۆفانی زیللەتدا حەیاتی عارییەت مەرگە
لەگەڵ بێحورمەتیدا بارەگاهی قەیسەرم ناوێ