ئەو پیاڵە مەیەی ساقی بۆت هێنام
ساقی نامە
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
2 دقیقه
928 مشاهده
ئەو پیاڵە مەیەی ساقی بۆت هێنام
کاتێ خواردمەوە ئاگری تێ بەردام
ئێستەش هەر سەرم لەوە سووڕماوە
بۆ چ ئاو ئاگری لەمن بەرداوە
ساقی فیداتم دەروون سووتاوم
بۆ مەزە ماچێ نەدەی فەوتاوم
زوو دەمت بێنە تێر تێر ماچی کەم
ئەوسا بۆم تێ کە دەم دەم و کەم کەم
ساقی تۆ کە وا شۆخ و شیرینی
کە دێیتە لەنجە ڕێگری دینی
جارێ بە عیشوە جارێ بە بادە
حەسرەتی دڵم هەموو بە با دە
ساقی بەهارە وەک جانی جانان
پیاڵەکەت دانێ و بگرە یەک وچان
نەختێ تەماشای دەشت و چیا کە
دنیا گوڵزارە بەزمێ بەرپا کە
نەغمەش شیرینە بە ئاوازی بەرز
دوو بەستەی کوردی بڵێ لە سەد تەرز
نەک من، دنیایەک دڵی مەحزوونە
با دەرکەین لە دڵ ئەو خەمە دوونە
جارێ ساقی بە، جارێک دلبەر بە
جارێک موغەننی فەرەح ئاوەر بە
ساقی دەمێکە یارم تۆراوە
غەمی فیراقم ئێجگار کێشاوە
ئیمڕۆ تووشت بووم خێرم تووش بووە
هەر بە ئەووەڵ پێک فەرقم کردووە
ئەگەر ئەمجارە تازەی کەیتەوە
غەمی دووریی یار دوور ئەخەیتەوە
ساقی ها پارە ئەوە بازاڕە
شەرابێ بێنە بڵێ هی پارە
بێ غەل و غەش و پەمەیی و ساف بێ
مەقبوولی گەنج و پیر و ئەشراف بێ
نەشئە شکێنی شەمپانیا بێ
لابەری غەمی هەردوو دنیا بێ
هێندەم بۆ تێکە سێ ڕۆژ سەرخۆش بم
لارەلار بڕۆم هێندە بێ هۆش بم
ساقی زەمانی شادی کردنە
سبەی دووسبەی نۆرەی مردنە
بۆ ئیمڕۆ خۆشە ژیانی مەستی
چونکە ئەبەخشێ هەوای سەربەستی