گوڵێک شیرینتر لە خونچەی بەهار
گوڵی سەربەستی
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
1 دقیقه
1267 مشاهده
گوڵێک شیرینتر لە خونچەی بەهار
نازکتر جوانتر لە شەوبۆی نازدار
گەشتر لە دیدەی وەنەوشەی نزار
گوڵێکە ناوی گوڵی سەربەستی
مەردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی
گوڵی سەربەستی ئەی هێزی گیانم
ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی ژیانم
تۆم نەبێ من خۆم بە هیچ نازانم
تۆم نەبی هەرگیز ناحەسێمەوە
بێ بۆنی خۆشت نابووژێمەوە
بام تەنیا هەر تۆ شاگوڵی من بی
سەرچاوەی سۆزی بە کۆلی من بی
تۆ تاقە یاری پڕ دڵی من بی
شیعرت پیا هەڵدەم بە زوبانی خۆم
بڵێم دەمێکە بە دڵ شەیدای تۆم
بۆ چی ڕەنگی تۆ وەکوو خوێن سوورە
هەر هۆزێ کە تۆی تیابێ جەسوورە
وڵات بە بۆنت زۆر پشت ئەستوورە
دیارە تەلیسمی بەرزی ژیانی
گەلێک کێش ئەکەی بۆ کامەرانی
بەڵام نرخی تۆ ئێجگار گرانە
کڕیارت کوشتە و جێگەی زیندانە
بۆ تۆ من خوێنی خۆم لا هەرزانە
سەرم بەخت ئەکەم تۆی پی ئەسێنم
کە تۆم دەسکەوتی سەربەرز ئەنوێنم
یاران ببینن ئەم کەژ و دەشتە
ئەم لالەزارە کە وەک بەهەشتە
حەیفە وڵاتمان کە جێگەی گەشتە
ئەو گوڵە خونچەی تیا نەکاتەوە
کوردیش گرەوی خۆی ناباتەوە