لەبن شاخێکەوە دەنگێ بەزاری

دەنگێکی غەیب
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 1 دقیقه  933 مشاهده
لەبن شاخێکەوە دەنگێ بەزاری
ئەهاتە گوێم بەشێوەی هۆزی ئاری
بەسۆزێکی دەروون ئەیوت برا گەل
چ خۆشە یەکیەتی بۆ کوردەواری
چ خۆشە دۆستی بەینی عەشایەر
لوڕ و قەڵخانی، جاف و بەختیاری
نە وەک ئاژاڵی یەک تاڵان بکەن شەو
لە خوێنی یەکترا ببنە تەتاری
وتم هۆ هۆ فریشتەی بن چیاکە
قسەت زۆر جوانە بۆ ئامۆژگاری
بەڵام ئەو تۆوی جەهلەی وا لە کوردا
چرۆی سەوزە لە لادێی و لە شاری
بەسیچکان و بەمازوو تێ شکاوین
عیلاجمان ناکرێ وا زوو بەیاری
ئەگەر خۆمان بزانین هیچ نەزانین
ئومێدی یەکیەتیمان دێتە دیاری
نەقەڵخانی ئەچێ بۆ باوەجانی
نە جاف و تاڵەبانی دێنە لاری
نە شاری دەست و پێی لادێیی ئەبڕێ
نە لادێیی ئەچێتە پێستی شاری
نە ناکۆکی ئەبێتە گونکی سەر دڵ
نە کینەی دڵ ئەمێنێ کاروباری
بڵێم چی خۆبەخۆی یەک زۆر خراپین
بەوێنەی خوێنە خوێن بۆ نالەباری
ئەگینا پیاوی زانا تێ ئەگا زوو
کە خۆشە یەکیەتی بۆ کوردەواری