ئەی شارەکەم سلێمانی
از کتاب:
شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
4 دقیقه
1856 مشاهده
خونچەی لێوی بزەی ساوا
لە دڵۆپی ئەشکی چاوا
لە بێخی دڵی ناسکا
توایەوە وەک خوێن تکا
لەسەر سنگی کچۆڵە و ژن
بەخوێن نووسرا: ئەمانکوژن
کۆرپە بە دایکا هەڵزنا
خەم بە دڵی وەک ئاسنا
بەیان کاتی خور هەڵاتن
هەڵیکرد ڕەشەبای مردن
بە خرمەی ئەستێرەی دۆشکا
گەلێ دڵ وەک شووشە شکا
سلەیمانی... شاری خەم چێژ
ڕاهاتووی کوشتار و دەستڕێژ
سلێمانییەکەی بەرگەگر
یەکسەر هەمووی بوو بە ئاگر
تانک، زرێپۆش، تۆپی مەزن
بانگیان ئەکرد: ئەبێ بمرن
دوژمنی ئابڕوو تکاو
بڕبڕەی مەردێتیی شکاو
لەناو شارا بەبێ وچان
تۆوی ترس و مەرگی ئەچان
پشکۆی سام و خەم و سزا
بە پەنجەی ژینا ئەچزا
ماچی خوێناویی دایک و کوڕ
لە شەقاما ئەبوو بە گڕ
سوپای ساوا و بێ چەک کوشتن
قەدەغەی کرد تەرم ناشتن
لاشەی کوڕ لە کۆشی دایکا
پێڵووی سووری پیا ئەلکا
ڕۆڵەکانی کورد بانگیان کرد
ئەژیی ئەو کەسەی ئەمڕۆ مرد
کاتێ ئەڕۆن بەرەو سەیوان
بانگ کەن:...
بەقوربانتان بم بزەی دەم
نەوەکوو سام و ترس و خەم
با فوارەی خوێناوی گەش
باخی کورد بگرێتە باوەش
دایک لەگەڵ نەغمەی هەنسک
ڕایئەوەشان دەس و باسک
ئەیوت: ئەی جگەری پارەم
ئەبی بە گوڵ ئەم بەهارەم
ئەشکت بۆ ئەکەم بە ئاورنگ
گڕەی دڵیشم بە گزنگ
سلەیمانیی.. شاری دڵتەنگ
بانگی لێ هەڵسا بە یەک دەنگ
وتی: دوژمنی ترسنۆک
ڕۆڵەی کورد نایەنە سەر چۆک
دوژمنانی ئاوات و ڕەنج
بانگیان ئەکرد: ئەی کوڕی گەنج
یا بەدەستڕێژێک ئەتکوژین
یا بلێ... نەژین
بڵێ من کورد نیم.. کوردستان
ئەکەم بە گۆڕی مەبەستتان
وێران بێ، کاول بێ خاکم
من کۆیلەیەکی دڵپاکم
وڵاتم چیم هەیە دەگمەن
با پێشکەش بێ بە ئەهریمەن
کیژۆڵەی چاو کەژاڵی جوان
هەموو بن بە کەنیزەکتان
نا.. هەزار جار بانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
بانگ ئەکەم بە وشەی پەتی
بژی، بژی کوردایەتی
ها.. ئەوە ڕووم، دڵم، سنگم
ئەوە بازووم، ئەوە چنگم
پێشکەش بێ بە گوللەی دوژمن
ملکەچ کردن نازانم من
من کوردم ئاگری هەستم
گڕ ئەستێنێ بۆ مەبەستم
نابم بە کۆیلەی بێگانە
کەنیزەک نین ئەو کیژانە
لەسەر مشتێ خۆڵی وڵات
بێ پەروا گیان ئەکەم خەڵات
نا، هەزار جار بانگ ئەکەم نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
دوژمنانی خەبات و ڕەنج
بانگیان ئەکرد: ئەی کوڕی گەنج!
بانگ کە بڵێ: بمرێ مناڵ
هەڵوەرێ گوڵی باخچەی ئاڵ!
داڕزێ پەنجەی هونەروەر
دەک بشکێ ئەژنۆی کوردپەروەر!
وێران بێ خاکی شارەکەم!
بە پاییز بێ بەهارەکەم!
نا، هەزار جار بانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
لەپێناوی ساوای کوردا
لە ڕێگەی درشت و وردا
لە سەر گوڵاڵەی خوێن ڕەنگم
جۆگەی خوڕ و گۆمی مەنگم
بەردێکی کەژی وڵاتم
لەسەر ئامانج و ئاواتم
دڵم، ژیانم ئەبەخشم
با بێ بە بڵێسە لەشم
لە لای ئێمە سزا و مردن
پیرۆزە نەک مل کەچ کردن
ئەبم بە قوربانی گوڵێ
چاوێ، دەمێ، دەستێ، دڵێ
لەم خاکە بێ و هی ئەم خاکە
گیانم لە مردن بێباکە
چاڵێکیان هەڵکەند فراوان
قووڵ وەکوو دەروونی تاوان
هەشتا لاوی کوردیان ڕیز کرد
لە دڵ بەهێزەکانی کورد
----متن نامشخص
برا و هاوڕێ کوڕ و باوک
درانە بەر شێلگەی تفەنگ
نرانە چاڵەوە بێدەنگ
خۆڵیان پیاکردن سەرانسەر
تەخت کران بە گرێدەر
پێش مردن هەموویان وتیان:
ئەمرین بە بێباک بۆ ژیان
برایان! چمکی خەم مەگرن
ئێمە ئەمرین ئێوە خۆش بن
ئەی شاری سلەیمانیی جوان
ماڵئاوا لە تۆ و کوردستان
نا، هەزار جار بانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا
لە پێڵووما ژیان نووسی
نابێ بژین بە مەئیووسی
وەرن لەسەر دڵ بنووسین
کەمال و ئەنوەر و یاسین
لەگەڵ کاروانی شەهیدان
بوون بە قوربانی کوردستان
ئەژین لە لاپەڕەی ئاڵا
لە گوڵا و لەگەڵ شەماڵا
لە مەرگی سەختی دوژمنا
لە نرکەی هەڵمەت بردنا
نا، هەزار جار بانگ ئەکەم: نا
دوژمن نیم بەرامبەر کورد، نا