سێ نامە

از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 2 دقیقه  1155 مشاهده
نامەی سەوز
نامەی سەوزیم نایە سەر دڵ
پڕی بوو لە وشەی وەک گوڵ
چاوی دڵداریم پێی پشکووت
تاسەی خۆشەویستیم بزووت
خۆری نامەکەی کە هەڵهات
بووژایەوە باغی ئاوات
نووسیبووی «ئەی یاری شیرین»
ئەمەوێ پێکەوە بژین
بمکە بە هاوڕێی ژینی خۆت
گیانەکەم زۆر دڵسۆزم بۆت
نامەکەی هەستێکی پێدام
پێم ببەخشێ ژینی بەتام
بۆ پرشنگی زەردەخەنە
بۆیە لارە ئەم گەردنە
نامەی زەرد
نامەی زەردی کە پێم گەیشت
مشتێ ئەسرینی خەمی ڕشت
نووسیبووی ئەی هیوای ژیان
تا کەی دیل بی لە بیابان
گەردەلوولی زەرد هەڵیکرد
نیشتە سەر لێوم لمی ورد
دەس و پەنجەیەک وەک کافوور
بۆی نووسیبووم پەیامی دوور
نامەکەی پڕ بوو لە خەفەت
نامە سەر چاو و سەر ڕوومەت
پیاما ڕشت ئەسرین و تاسەم
سووتا بە گڕی هەناسەم
هەر بۆ یەک ئان چاو پێکەوتن
سەد خۆزگەم ئەخواست بە مردن
نامەی سوور
نامەی سووری پشکۆی ڕژان
نامە سەر دڵی پڕ لە ژان
هەڵیکرد گەرداوی سزام
وەریگێڕا کەشتیی ئارام
نووسیبووی ژینی تەنیاییت
ئەندێشە و ناسۆری جیاییت
نێرگزی خەندەمی وەران
خۆشی لەناو دڵما مران
موتورفەکەم گەردنی لار
منیش غەمگین لە دووریی یار
دەستی داوەتە بەر ئەژنۆ
ئەڵێ من هەر ئەگریم بۆ تۆ
دووریم لەوەی ئەیپەرەستم
یەکسەر لە پەلوپۆی خستم
هەر بۆ یەک ئان چاو پێکەوتن
ئاوات ئەخوازم بە مردن
بەڵام تا چاو بڕ کا بۆ دوور
داخراوە بە ڕیز تەنوور
چیا ئاگر، ڕووباری خوێن
هاژە ئەکا لە هەموو شوێن
تازە نایەمەوە گیانە
خۆم ویستوومە ئەم ژیانە
گیانەکەم ئەگەر بمێنم
تۆڵەی ئەم غەمە ئەسێنم