پەروانەی هۆنراوە

از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  1281 مشاهده
هۆنراوەی گەشم بە چەپک
ئەنێتە سەر سنگی ناسک
گوڵێکی ئاڵی وەک دەمت
بە ناز ئەدەی لە پەرچەمت
پەروانەی هۆنراوەی «شەیدات»
ئەگەڕێ لەدەوری گۆنات
یا دەم ئەبەی شیعری بەتام
ئەمژی ئەی پەپوولەی هیوام
کەچی نابێ من بە خەیاڵ
هەڵمژم لێوی گەش و ئاڵ
نابێ لەو لێوە پاراوە
بێنمە ڕستی هۆنراوە
دیوانەکەم ئەی کچی گەش
وەک کۆرپە ئەگریتە باوەش
بەڵام نابێ من سنگی جوان
بێنمە باوەشی دیوان
هۆنراوەی من ئەکەیتە بەر
بەڵام نابێ بەژن، کەمەر
یا لامل و قژ و گەردن
لە هۆنراوەی منا هەبن
نابێ ناوی سەر سنگی ڕووت
یا گۆی نازداری وەک یاقووت
بە نووکی خامەکەم بێنم
تاسەی دەروونم بشکێنم