ڕەهێڵە

از کتاب:
دیاری
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 2 دقیقه  1257 مشاهده
لەسەر کوڵمی ناسک... مردن
دەسی کرد بە بەستە وتن
پەرچەمی تەڕ ئاڵا لە مل
فرمێسکی ئەڕژا لەگەڵ... کل
شار پەرۆشی ڕەهێڵەی سەخت
«ڕێی گرتە بەر لەگەڵ ناوەخت»
پرچی تەڕی پەرش و شیرین
بەستەیەکی ئەوت غەمگین
با... ئەیدا لە پرچی سەرشان
ئەلەرزی وەک تەلی کەمان
ئەندامی لەش، گەردن، ناودەم
شۆڕ شۆڕ لێی ئەڕژا ئاو و خەم
باران ئەچوو بەگژ... گڕدا
لافاو لەناو قەدی پردا
زریک و هۆڕ چرای ڕەنگین
ئەگریان بەتاو... ئەلەرزین
ژنی بەژن و باڵا نازدار
ئەیپێچایەوە... جادەی شار
ئەینواڕییە ڕێی گۆڕستان
چاوی ژاکاو پڕ لە گریان
پووزی ناسک، کەمەری تەنگ
بە تکی قوڕاو ڕەنگا و ڕەنگ
کپ و غەمگین و مات: کۆڵان
لەپڕ هەورێک ئەیزریکان!!
کارەکەری... جوان وەکوو گوڵ
بەدەم گریانەوە بە کوڵ
وتی: کوڕی کۆشک و تەلار
لاوی بێڕەحمی پارەدار
دەسی بڕیم و دوای ئەنجام
وەختێک کە گەیشت بە مەرام
خۆی و دایکی دەریان کردم
وێڵ وێڵ... بەم دەردەیان بردم
بێ لانە، بێ کەس، بێ هاودەم
ئەی خوای هەور و باران چی بکەم؟!
پەریی کچێنیمیان... مران
بووم بە ژن... منی بەسزمان
ئەی کۆرپەی «باوک تاوانبار»
لە ئێستەوە بگری بەزار!!
***
هەژارێک فریای کەوت... قەشەنگ
وتی: ئەی ژنی شۆخ و شەنگ
تۆزی ئاڵتوون نەنیشتووە
لەم دڵە پڕ ئارەزووە
ها دڵم هێلانەی تۆ بێ
جێی ئەو ڕووە جوانەی تۆ بێ