وشەی دایە
از کتاب:
ئاوات و ڕەنج
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
1 دقیقه
1086 مشاهده
تریفەی مانگ ڕژایە ناو
ئەو چاوانەی پڕ لە ورشەن
وەک کانیی بەهاری پاراو
بوون بە شیرینترین دیمەن
***
وتی لە مانگ و خەرمانەی
جوانتر هەیە کاتێ سروشت
ئەو هەموو تریفە جوانەی
ئەکاتە باخەوە بە مشت
***
وتم: لەو چاوانەتایە
دوا سەلیقەی هونەری جوان
نە مانگ ئەو جوانییەی تیایە
نە ئەستێرەی گەشی بەیان
***
بەڵام کاتێ کە کۆرپەکەم
وشەی دایەی لە دەم هەڵات
چرپانی خۆشەویستەکەم
گوێت لێ بێ لە نەغمەی ئاوات
***
کە باوەشی پیا کرد وتی:
هەر تۆی دیمەنی جوانت بێ
بە وشەی ڕەوان و پەتی
«دەک دایە بە قوربانت بێ»