ماچی مردن

از کتاب:
ئاوات و ڕەنج
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  835 مشاهده
زامی دڵ بە پەنجەی ژیان
هاتەوە سوێ وەکوو جاران
ئەستێرەکان وەک شووشەی ورد
ڕژابوونە داوێنی پرد
شەپۆل لە باوەشی هەردا
سنگی ئەدا بەسەر بەردا
ڕەنگی خۆڵەمێشیی ئاسمان
لەسەر شانی سێدارەکان
ئەینووسی «ڕۆڵەکانی کورد»
ئاگرێکی وایان خۆش کرد
بڵێسەی لەگەڵ ژیانا
ئەمێنێ لە کوردستانا
لەسەر پردی تەسکی بەردین
دەنگێک هاواری کرد: «کوردین»
ئەیزیڕان: ئەی دوژمن یەک تاو
مۆڵەت بەن بە جگەرسووتاو
با بگەمە لای کوڕەکەم
بۆ دوا جار دەمی ماچ بکەم
کاتێ گەیشتە نزیک کوڕ
لاشەی بێ گیان بوو سارد و سڕ
ڕێیان گرت لە ماچی مردن
هەر لەبەر ئەوەی کوردن