لایلایە

از کتاب:
ئاوات و ڕەنج
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  1206 مشاهده
لە کەپرێکا دایکێ لە دڵی نەرمی
سۆزی ئەڕشت بۆ کۆرپەکەی بەگەرمی
دەس و پەنجەی ساوای ناسک و خرپن
ورد ئەیماڵی بەسەر سنگا و ڕوو، گەردن
کۆرپەی نازدار لە باوەشی دڵسۆزا
لەگەڵ نەغمەی لایلایەی زۆر بەسۆزا
وردە وردە جوان ئەکەوتە خنەخن
گەش گەش ئەوبوو غەبغەبە و کوڵمی گۆشتن
کام هۆنراوە زۆر هونەرچن و زۆر خۆشە
بەسۆز نەبوو وەک ئەو خەندە بەجۆشە
بەڵام لەپڕ ورووژمی گوللەی شەستیر
تک تک خوێنی تێکەڵ کرد بە قەترەی شیر
ئەنجنی کرد گۆی مەمک دەمی وەک گوڵ
بێدەنگی کرد لایلایەی خۆش و بەکوڵ
ئەو کەسانەی چەشەی خوێنی مناڵن
بۆخوین ڕشتن، وێران کردن، عەواڵن
خوێنی گەشیان لەناو ئەو باخەدا ڕشت
زەردەخەنە و لایلایەی شیرینیان کوشت
لێرەدا بوو گوڵی خەندە هەڵوەری
کیژی لادێ ئێستەش زۆر بەکوڵ ئەگری