مەرگی سێبەر
از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
3 دقیقه
965 مشاهده
فریشتەی شەبەق لە درزی
کەژاوەکەی خۆر دابەزی
پێی نایە چەمی مرواری
ورشەی بۆ هێنا بە دیاری
گڵەزەردەی جوان گەردن کەش
ڕازایەوە بە گوڵی گەش
کچی خنجیلانەی نازدار
ڕژانە سەر فەرشی بەهار
داری شێخەباس سێبەری
بوو بە چەتری شێوە پەری
چەند جوانە ورشەی قەنەوز
تێکەڵ بە نیگای چاو نێرگز
لەرەی دەسماڵ پوولەکەڕێز
دڵی دڵدار ئەکا بێهێز
کچۆڵەی بەژن و باڵا بەرز
بە ترپەی نەرمی پانی بەرز
وەکوو فریشتەی ناو بەهەشت
ئاوازێکی ئەدا بە دەشت
چۆن ئاوازێک تا بڵێی خۆش
نەغمەیەکی ئێجگار بەجۆش
لەسەر نقامی زوڕناژەن
نەرم ئەلەرێوە بەدەن
کراس کەتانێک بوو تەنک
کەوا شیرداخێکی ناسک
ورشەی شیرینی کەمەرچین
کە ئەیدا لە خامەکی شین
دڵ ئەگریا و پێئەکەنی
سەد دڵ ئەیوت ئای لە بەژنی
گێل گێلە و پشتەسەر، کرمەک
ملەگۆی سەر سوخمەی خامەک
هاڕەی لەم چەشنانە خشڵ
ڕایئەپەڕان پەپوولەی دڵ
کوڕیش سەڵتەکەی چۆغەی شین
فەقیانەکەی سپیی بەفرین
مشکی و جامانەی تێکئاڵاو
بۆی شەیدا بوو ئەگریجەی خاو
سەماوەری وەرشاو و زەرد
وەکوو زیو و زێڕی بێگەرد
تاکوو نیوەی بە سەوزەگیا
بە تەبیعەت ئەپۆشرا
چەند خۆشە لە قۆریی عەجەم
بۆم تێکا چایییەک نوقڵەدەم
وای لە ڕەوتی کڵاو ئاڵتوون
زۆر هەرزەکاری بۆ مردوون
لکی سەرپۆشی پوولەکە
لەسەر ئەو سوخمە خامەکە
بریسک و هووڕ وەکوو ئاسمان
لەسەر باخی سنگێکی پان
چارشێوی جوانی نۆکەمەر
بێئارام بوو لەسەر کەمەر
کوڕی عەبای دۆخ سورمە پۆش
دڵی فیزی ئەهاتە جۆش
پیاوی نێرگەلەی زیوین کێش
دڵی کەیلی ئاوات و ئێش
بۆنی مێخەک و هی سمڵ
غەمزەی بەنازی ڕوومەت گوڵ
هاڕەی پێکەنین، هەیاسە
ئەبوون بە شەپۆلی تاسە
پۆل پۆل لە دەوری سەماوەر
دائەنیشتن لەژێر سێبەر
سێبەر بەڵام هی یەک درەخت
سێبەری دەشتایییەک تەخت
هەر شێخ هەباس بوو بە تەنیا
سێبەری ئەڕشتە سەر گیا
لە سەد لاوە بە دیلانە
ئەگێڕا ئەو دارە جوانە
چاو ڕەش و چاو کاڵی خرپن
باریکەلە و شۆخ و گۆشتن
بە دەنگێکی زۆر سازگار
فریشتەکان کچی نازدار
گۆرانییان ئەوت... بەستە
چڵ بە مردووی ئەوت هەستە
ئەرخەوان ئەیوت سەیرکەن
چەند جوانە گژ و گیا و چیمەن
فەقێ لەتاو سوخمە خامەک
کۆڕێکیان ئەگرت هی کەوشەک
مەلای ڕووخۆش کە دائەبوو
سوختەش بە سەریا هەڵئەچوو
ئەی دارەکەی شێخەباس ئاخ
لە دڵی منا بووی بە داخ
هاتن سەربازی عوسمانی
نامەردانە سووتانیانی
لەتاو سەرما و سۆڵەی بەفر
لقیان شکانی بۆ ئاگر
ئەو یادەش ئەو ڕابوردووە
لە دڵی منا نووستووە
هەزاران یادی وا بەسوێ
دێنەوە بیرمان سەر لەنوێ
ئەی دارەکەی هەر بە بیستن
من کەوتمە خەفەت ڕشتن
مرد سێبەرەکەی شێخەباس
سووتا درەختەکەی هەباس