کچە نەغەدەیی
از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
2 دقیقه
931 مشاهده
بەژنی ناسک قژی زێڕین
باڵابەرزێکی خوێن شیرین
ورشەی ئەو ڕوومەتە ئاڵە
هی ئەو بەرگەردنە کاڵە
لەگەڵ پرشنگی چاوی ڕوون
ئەڕژایە دڵ و ناو دەروون
وەسفی بە هەنسکی شمشاڵ
ئەپژایە دەشت، دەوەن، قەدپاڵ
کچە کوردی تا بڵێی جوان
وەکوو فریشتەی خەوی شوان
ئەو کچە جوانەی نەغەدەاعلام
چاوی بەخشی بۆ ئەم کوردە
دوژمن پێی وت ئەی وردیلە
ئەی کچە کوردی نەشمیلە
حەیفە ڕوومەت، کەمەر، بەژن
چاوی گەلاوێژی و گەردن
ئەبەخشی بە لەوێچێ خۆڵ
ئەی کیژی ساویلکەی کڵۆڵ
وەرە وەک کچێکی سەلار
پێت ببەخشین کۆشک و تەلار
هەر تەنیا یەک وشە بڵێ
لە پەنهانیی شەڕکەری دێ
پێمان بڵێ کام پەناگا
کام کەژ ئەکەن بە بارەگا
ئەتبەخشین ئەی کچی پچووک
ئەی خنجیلانەی ئێسک سووک
ماچ کە دەس و پەنجەی سەردار
مەبە بە قوربانی هەژار
با ڕوومەتی ئاڵی ناسک
نەڕژێتە سەری خوێن تک تک
با چاوی سەرنج ئاگرین
ئەی کچە کورد هەڵنەکۆڵین
کچ وتی: «ئەی زۆردارینە»
بۆ ئەم خاکە نازەنینە
قوربانە هەموو ژینی من
بژی کورد با بمرێ دوژمن
من سەرم شۆڕ ناکەم هەرگیز
پێشمەرگەم بۆ کوردی ئازیز
جوانیی چاو، قژ، ئەم گەردنە
ئەم بەژنە کوا هینی منە
ئەبم بە قوربانی وڵات
بۆ کورد گیانم ئەکەم خەڵات
لای من شانازییە و خۆشی
بڵێن کچێ چاوی بەخشی
ئەی چاوی گەش هەڵتکۆڵن
خۆشترە لە چاو شۆڕکردن
ئەی برژانگی ورد نەلەرزی
بە چاو بڵێ بۆ کورد ئەمری
چەند خۆشە چاو بێ بە دیاری
بۆ ژیانی کوردەواری
هەر دوو چاویان گووشی بەتین
بە پەنجە تا هەڵیانکۆڵین
خوێن ڕژایە سەر ڕووی نازدار
بانگی کرد با بمرێ زۆردار
ئەی کچە کوردی قارەمان
لەبیری ناچێ،.. کوردستان
ئەی چاو هەر بلەرزە و بڵێ
دوژمنی کورد ئەبێ هەڵێ
کچە نەغەدەییی نازەنین
ئەبێ تۆڵەت هەر بسێنین
«ئاڵای خەباتمان نانەوێ»
«کوردینە تۆڵەمان ئەوێ»