تەلەفۆن

از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  948 مشاهده
ئەو ڕۆژە مات بووم دڵم تەنگ
دانیشتبووم مەلوول بێدەنگ
گەردنم لاری خەیاڵی
خونچەی دەمی، کوڵمی ئاڵی
پەردەی بیستن زۆر عەزرەتی
بۆ جریوەی بەلەززەتی
سێ ڕۆژ ئەبوو دەنگی نەرمی
وردە ڕازی خۆش و گەرمی
نەیدابوو لە پەردەی هەستم
لە ڕووما دیار بوو زۆر پەستم
لەناکاو تەلەفۆن زەنگی
شێوانی گۆمی بێدەنگی
پەپوولەی وشەی ورد بەجۆش
هی قسەی گەرموگوڕی خۆش
لە دوورەوە بە پۆل فڕین
بۆ هێلانەی دڵی غەمگین
وشەی زۆر شیرین و بەتام
تێکەڵاو بە نەغمەی هیوام
ڕژایە سەر لێوی وشکم
ناو دڵۆپی گەرمی ئەشکم
دەنگی پیرۆز و شیرینی
نەغمەی خۆشی پێکەنینی
لە دڵما بوون بە گۆرانی
بە ئاوازەی کامەرانی
«هەر دەنگێ دێ من وەزانم»
«تەلەفۆن ئەکەن بۆ گیانم»