شەڕی گەورە

از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  515 مشاهده
لە داڵانی مزگەوتێکا
برسێتیی دڵی ئەپێکا
زەردەپەڕی ڕەنگ ئاگرین
ڕژایە ناو حەوزێکی شین
لەسەر بەردەنوێژێکی پان
یەکێ دەسی کرد بە بانگدان
ئاوازەی ورتەی خواناسین
هەڵئەسا ورد، مات و غەمگین
دوای ئەوەی نوێژ کۆتاییی هات
دوو کوێری بەسزمانی مات
کام وشە گەرمە زۆر بەتین
کامیان دڵ دێنێتە لەرزین
ئەیان ڕشتە گەرووی داڵان
ڕستیان ئەکرد بۆ لەتێ نان
پشتێن ڕەنگ زەردی وەک گۆگرد
باسی سنووقە چای ئەکرد
یەکێکیان دەنگی هەڵبڕی
«تۆ بووی نانی منت بڕی»
من؟ برا گیان منیش وەک تۆم
هیچم نییە ئەمشەو بیخۆم
لەناکاو بوو بە شەڕە دار
زریک و هووڕ گرمە و هاوار
دڵۆپی خوێنی لەشی زەرد
ئەپژایە سەر دیواری بەرد
قەوما شەڕێکی ئێجگار زل
تا هات مەلای شۆخ و چاو بە کل
مەلای پۆشتەی تێر و تەسەل
دەریکردن بە پەلە پەل
هەندێ لە کوڕە دەوڵەمەن
کە هەیانە شتی دەگمەن
ئەیانفەرموو!! شەڕی ئاوا
ناشیرینە بۆ ماڵی خوا
لام وا بێ هەر ئەو شێوانە
بردیانن بۆ بەندیخانە
نازانم تێریان خوارد لەوێ؟
ئەمە پرسینێکی ئەوێ