دواڕۆژ

از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  622 مشاهده
ئەڵێن گوڵی شادیت وەران
دواڕۆژی ژینی خۆت فەوتان
هەرەست هێنا بە قەڵای
کامەرانی دڵ و هیوای
بە هۆنراوەی خوێنین وتن
بە وشەی ئاگر ڕێکخستن
خۆت کرد بە هاودەمی ناسۆر
بە هاوڕێی خەم، خەفەتی زۆر
کەوتوویتە چیا پەرەستن
باسی بەژن و خاڵ و گەردن
دەمێ ئەگری وەکوو مناڵ
ئەبی بە پەپوولەی خەیاڵ
تاوێ لەگەڵ مەلی دەنگ خۆش
ناخی دڵت دێنیتە جۆش
ئاسمان و ئەستێرەی شینی
بەهار و گوڵی ڕەنگینی
تاڤگە و قەڵبەزی وەک چوڕی
دوڵیان و جۆگەی بەگوڕی
بەیان و دیمەنی ئاسۆ
بوون بە «پەرستراوی» تۆ
لەسەر مشتێ خاکی وەتەن
چەند جار لە پێت کرا پێوەن
بۆ ڕەش و ڕووت، چینی برسی
هەرچییەک ئەکەی ناترسی
نە ناوت هەیە! نە سامان
نە ماڵ و نە ژنێکی جوان
بەم جۆرە لێشاوی تانە
دێت بە سەر کام شیعرا جوانە
چونکە من شیعری وەکوو گڕ
نادەم بە پارەی سارد و سڕ
«بۆ ئێوە زێڕ پەیاکردن»
«منیش خزمەت هەتا مردن»
هەریەک ئۆخەی ئەم میللەتە
نادەم بە هەر چییەک هەتە