گریانی خۆش
از کتاب:
دیاری
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
2 دقیقه
1058 مشاهده
کاتێ زەردەپەڕی شیرین
ئەتوایەوە ناو گۆمی شین
پەریزادەی دڵی گەشم
«خوای جوانیم».. هاتە باوەشم
لە پەرچەمی خۆرەتاوی
لە دەست و پەنجەی خەناوی
لە شەپۆلی نیگای نەرم
لە دەمی پڕ تاسەی گەرم
ئیلهامی دڵداری و جوانیم
بەستەی خۆشی و کامەرانیم
ئەمژی و لە ناو دەروونی مەنگ
ئەبوو بە گۆرانی و ئاهەنگ
هەموو چرۆکانی دەروون
بوون بە گوڵی زەرد وەک ئاڵتوون
کاتێ قرچەی هەتاوی سوور
ئەیهێنامەوە لە ڕێی دوور
گوڵی دڵداریم هەڵوەری
کە دیم نازەنینم ئەگری
تک تک دڵۆپی ئەسرینم
ڕژا لە چاوی غەمگینم
یار و تەلارێک و گریان
دڵداری و ناسۆری و ژیان
دوای دوو سێ ساڵ تەماوی
شەوی مات و گریاناوی
کچێکم دی، نیگاری جوان
وەک نازەنین، پەریی ئاسمان
ئەو ڕووە، ئەو دەمە گەشە
ئەو چاوە، ئەو برۆ ڕەشە
هەر وەک نەخشی ڕووی نازەنین
ورد و ناسک، جوان و شیرین
دیسان گریام، نەختێ بەکوڵ
ڕامچەنانەوە پەریی دڵ
دوای حەوت ساڵی ئازاراوی
شەوی ماتەم و خەماوی
چوومە سەر تەرمی یارەکەم
بووکی ناکام، دڵدارەکەم
دامە تاوی هەنسک بەگوڕ
ئەگریام وەک مناڵ بەخوڕ
تێرتێر گریام لە سەر تەرمی
شینێکم گێڕا بەگەرمی
ئۆخەی کە دڵم تێر گریا
بەکوڵ، بەجۆش، بەئاشکرا
ئەی فرمێسکی دڵی بێهۆش
بۆم بگێڕە گریانی خۆش