ئەی دڵ ئەی دەروون وەختی گریانە
شیوەنی سەرداری نەمر
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
1 دقیقه
567 مشاهده
ئەی دڵ ئەی دەروون وەختی گریانە
ئەی چاو جا نۆرەی ئەشک بارانە
ئەی کوردی کڵۆڵ گەلی چارەڕەش
ئێستاکە دەمی سیا پۆشانە
***
بۆ شۆڕەسواری کورد و کوردستان
بۆ قارەمانی بەردە قارەمان
لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دیارە
هەڵمەت و تاوی وەک نەڕەشێران
***
ئای چۆن کوردستان بە کۆچت سەردار
بێکەس مایەوە لەدەس ڕۆژگار
ئاڵای پێچاوەی گەلی بێچارەت
نەک لە نیوەی دار، کەوتۆتە بن دار
***
لەناو چیاکان لە چۆڵ و لە دەر
لە خوار و لە ژوور لەمسەر و لەوسەر
ئەزرنگێتەوە هەتا هەتایە
دەنگی نەعرەتەت «الله اكبرعربی»
***
خۆت و لاوانی نەترس لە مردن
ئەو هێرشانەی بردتە سەر دوژمن
هەر هەڵمەت دان و هەر کۆڵنەدان بو
تا ڕەگ و ڕیشەی دەرهێنرا لەبن
***
ئەی نەوەی پاکی ئەحمەدی کاکی
ئەی پاڵەوانی چوست و چالاکی
کردەوەی بەرز و جەنگاوەریی تۆ
بوو بە مەشخەڵێک بۆ ڕێی ڕووناکی