بارزانی نامرێ

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1411 مشاهده
بارزانی پاڵەوانی کورد
هیوای پیر و جەوانی کورد
خەبەریان پێ دام تۆ مردووی
بە دیمەن لە بەرچاو ون بووی
من دەزانم تۆ نامری
تۆ لە مردن بە هێزتری
***
ڕۆژێک لە ناو شات و چڕێک
دێتە سەر ئەم زەوییە کوڕێک
نۆ مانگە، لەبەر مەمکانە
دایکی یەخسیری تورکانە
بێشکەی کوڕ: زیندانی ڕەشە
لە ڕۆشنایی بێ بەشە
زڕەی زنجیری دوولایی
بۆتە دەنگی لای لایی
جێ گاگۆڵکە و دارە دارە
گۆشەی زیندانی شەدارە
***
تەمەن چاردە ساڵە جوانێ
بە دەوری خۆیدا دەڕوانێ
هەرچی دەیبینێ ئەسیرە
وەک دایکی مل بە زنجیرە
کوردگەل مەڕی بێ خودانە
چەقەڵ بێری، گورگ شوانە
لە حیرسان خوێنی دەجۆشێ
ژین بە ئازادی دەفرۆشێ
لێ بڕاوە تۆڵە بستێنێ
بەندی خەنجەر دەترازێنێ
کاڵەی مووین هەڵ دەبەستێ
کێ هەیە ئەو پێی نەوەستێ؟
کوردخۆران قەڵت و بڕ دەکا
کوردستان گران شڕ دەکا
تورک و عەرەب دەبەزێنێ
جەرگی شاهان دەتەزێنێ
دوژمن لە زەبری دەتاسێ
کێ بێ بارزانی نەناسێ؟
***
بەر لە شۆڕشی بارزانی
کەس بە کوردی نەدەزانی
ئەو کوردی بە دنیا ناساند
هاواری بە دنیا گەیاند
لەهەر چوار قوڕنەی دنیادا
لەسەر بەژ، لەناو دەریادا
بە کێ بڵێی کوردستانیم
پێت دەڵێ بڵێ بارزانیم
جاشە دوژمنە کوردەکەش
بە هۆی ئەو بوونە خاوەن بەش
ئەو نانی دەیخۆن هی ئەوە
لەوڕا گرچوویان پتەوە
***
بارزانی شێست ساڵی ڕەبەق
جێ خەوی تاشەبەردی ڕەق
بەشات و شکێڕانەوە
بە بەندەن و لێڕانەوە
لە غوربەت و دەربەدەری
غەمخۆر و لە خۆشی بەری
بۆ گەلی کورد چەوسایەوە
قەت تاوێک نەحەسایەوە
بەرەو ئازایەتیی هان داین
ڕێگەی پیاوەتیی نیشان داین
دوژمنی بۆ بێ هێز کردین
تاریکی لەسەر لابردین
مانگی عاسمانی کوردانە
بێ ئاوابوون و نەمانە
ئەوانەی بە مانگ دەوەڕن
لەڕاست لۆمەی ویجدان کەڕن
***
بارزانی بابی هەژاران
هەتوانی دڵ برینداران
شیوەن شایانی تۆ نییە
ئەسرین ڕژتن چی بۆ نییە
من بۆ دەربڕینی هەستم
پەیمانت دەگەڵ دەبەستم
تا دەمرم پێت وەفاداربم
چۆن بووم هەرهەمان هەژارتخلص بم
***
بارزانی پاڵەوانی کورد
هیوای پیر و جەوانی کورد
خەبەریان پێ دام تۆ مردووی
بە دیمەن لەبەرچاو ون بووی
من دەزانم تۆ نامری
تۆ لە مردن بەهێزتری