گەردوون چیت نەکرد بە کوردی هەژار
بۆ عیزەت و قودسی و خێروڵڵا و خۆشناو وتراوە
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
2 دقیقه
641 مشاهده
گەردوون چیت نەکرد بە کوردی هەژار؟
چی مابێ نەیکەی کەچڕەو و ڕەفتار
کام شاخ و کام دەشت کام لووتکە و سەریاڵ
گوڵگونت نەکرد بە خوێنی کورد ئاڵ
کام پێ ما، زنجیر داینەڕزێنێ
کام دڵ ما، جەخار داینەوەشێنێ
کام بەندیخانەت پڕ لاوان نەکرد...؟
دیل و ڕەنجەڕۆ و پەرێشان نەکرد
کام قارەمانی وەک شێر و چالاک
ئازادیخواهت نەخستە ژێر خاک
کام خانەدانت هێشتەوە بێبەش
لە شین و هاوار ڕۆرۆ و بەختی ڕەش
کام چاو ما فرمێسک نەیکردبێ لێڵ
کێ ما نەبووبێ دەربەدەر و وێڵ
کام ڕۆڵە و کیژ و ژنی بێچارە
نەتکرد بێ باوان نەتکرد ئاوارە
ئینجا بە شینی چوار ڕۆڵە جوانلاو
عیزەت و قودسی و خێروڵڵا و خۆشناو
خوێنی وشک بووت پێ گەشانەوە
خەمی دوژمنت پی ڕەوانەوە
برا بۆ مردن نەکەن دڵتەنگ بن
بۆ لۆمەی بەسان ڕای نام و نەنگ بن
قەت وا مەزانن ناوتان ون بووە
با لەشتان بمرێ، گیانتان زیندووە
گۆڕتان بە برژانگ هەڵکەندراوە
کفن: بە پەلکی کیژان درواوە
لاشەتان شۆرا بە ئەشکی جوانان
ئەشکی قەتیسماو لە پێڵووی چاوان
لە کانگای دڵا لاوانی وەتەن
گۆڕیچە و گۆڕی ئێوەیان هەڵکەن
ئیکلیلتان کە وا گوڵ گوڵ چنراوە
لە فرمێسکی ئاڵ جەرگی سووتاوە
بەڵام هەر ئەکرێ بۆ تۆڵەی حەقتان
لە لاشەی دوژمن تاقی زەفەرتان
قەسەم بە گیانی ئێوەی نەوجەوان
لاشەی نێژراوتان لە گردی سەیوان
هەرگیز کۆڵنادەین بۆ ڕۆژی شادی
هەتا هەڵنەکەین ئاڵای ئازادی
ئەوسا بانگ ئەکەین پڕ بەم دنیایە
پڕ بەم شاخانە و چۆڵ و چیایە
«ئای چەن بەرزییە لەڕێی میللەتا»
«پێ لە زنجیر و گەردن لە پەتا»