هاواری زۆرلێکراو

لە شاعیری زەنگیی ئەمریکایی: «ماک کریا»وە، وەرگیراوە
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  770 مشاهده
من کێم؟ چۆن ژیام؟ بۆچ ئەمڕۆ دەژیم؟
ڕەشم وەک دیزەم، ڕەشم وەک ڕەژیم
ڕەشم وەک لەعنەت وەک قورمی دووکەڵ
ڕەشم وەک بەختی بێکاری تەنبەڵ
ڕەشم وەک مردن بە ڕۆژی جێژن
کەس لە برودوای چاکەم نابێژن
دۆستم یەک یەکە و هەزاران دوژمن
هەموو کەس بە سووک دەڕوانێتە من
وەکو دەڕواننە کرمی سەر عەرزی
ئەستێرەکانی عاسمان لە بەرزی
دووریان خستمەوە و ناهەق کوشتمیان
پێم پێ دەکەنین کاتێ ناشتمیان
دەیان گوت ئەی ڕەش گڵی گڵ مەنزڵ
تەنیا هەر بۆخۆت دەچیەوە ناو گڵ
***
پیاوەتیم لایان بێ قەدر و باوە
یاساو دین بەشی منیان نەداوە
هیچ باوەڕ ناکەن من هیچ بزانم
لە دڵ ڕەشی وان من سەرگەردانم
شەو و ڕۆژ وەک سەگ کێشکچی ماڵم
وەکو گەسک و بێڵ ماڵیان دەماڵم
مناڵ ژیرکەرم، چێشکەم، پشیلەم
ئەسپابین چ خۆم چ قەوم و قیلەم
بۆ قەیسەر بەشەو بەزمم ئەدا ساز
بە ڕۆژ پردی بووم لە کورتی ڕێ باز
کە نەشمان کۆیلە و قەیسەری ڕما
ئێمە میراتی ئەوانمان بۆ ما
بە ڕۆژ قەسابم، کێردم، بەرازم
بەشەو گۆرانیم، هەڵپەڕکێم، جازم
***
ناخۆشیان ئەوێم، بۆچی؟ نازانم
هەژار، بەستەزمان، بەسوود، بێ زیانم
دڵیان دەلەرزێ نەک خوێنی گەشیان
تێکەڵ بە ڕەش بێ و بچێتە لەشیان
خوا نەکا تەبیات زۆرم بۆ بێنێ
ژنێکی سپی دڵم بستێنێ!
خڕکە بەش ناکا بۆ پێدادانم
گرێوە باسکە بۆ زوو خنکانم
بە هیچ لە دەستیان نایە ڕزگاریم
هۆردوو بەش ناکا بۆ پارێزگاریم
ناوێرم چ بڵێم، لەبەر خۆمەوە
ئاخ هەڵدەکێشم پیش دەخۆمەوە
گۆرانی دەڵێم دنبەگ لێ دەدەم
زۆر سەرخۆش دەبم سەمایە دەکەم
دەڵێم لە بیرم بچێ من ڕەشم
لە هۆز بێگانە و لە ژین بێ بەشم
بەڵام لە بیریش بچێ: زللەیان
شەقیان، بەڵغەمیان، داریان، گوللەیان
زوو دەمهێننەوە سەر ڕێی وشیاری
بۆ هەستی پەستی و سووکی و هەژاری
ئەو هەمووە بۆچی؟ هەر چونکە ڕەشم
کەمتر لە سەگ و دز و چەتەشم
ڕەشایی ڕەشیان لە بەرچاو زۆرە
گورگە، کێوییە، بنیادەم خۆرە
نازانن کە شەو ڕەشە و هەر دەشبێ
کێ لە جوانی شەو دەکرێ بێ بەش بێ
شەو ڕەشە و ئەگەر بڵێن شەو نەبێ
یانی سانەوە، یانی خەو نەبێ
ڕەش بووم هەر ڕەشیش دەبم تا زیندووم
لەلای فیرعەون ڕۆژێک بەندە بووم
بولهەوڵ و ئەهرام دەسکاری منن
شاهیدی دەرد و ئازاری منن
ڕێسمە و شیپانەی قەیسەرم ماڵی
بێ پارە و بێ نان بوومە حەنباڵی
لە کۆنگۆی بلژیک دەستیان پەڕاندووم
دەمێک بۆیەچی جۆرج واشنتۆن بووم
***
بەڵام گەر زەویش گەڕام تەواوی
بڕیم ئەو ڕێگەی دوور و خوێناوی
فێربووم لەو نیلەی بە میسرا دەهات
باوەڕی بەخۆ و بێ دەنگی و سبات
کە «میسیسیپی » بە من پێکەنی
پاشان بۆم گریا، هۆشم ڕاچەنی
گیانم پیر بووە و ئێستا زۆرزانە
کەنداڵ گوشادە وەک ئەو چۆمانە
ئێستا ئینسانم دەبێ ئینسان بم
ڕەشیش بم دەبێ وەک سپیەکان بم
فەرقی شەو و ڕۆژ لای خودا نییە
شەو بۆ ڕۆژ وەکو چاوەی کانییە
ڕەشی شەو شەپۆل ئەدا و ناسرەوێ
تا ڕۆژی سپی لێ دەردەکەوێ