کە ڕۆژ ئاوا بوو شەو هات بەسەردا

لە شەوا (لە نووسینێکی مامۆستا «ئا ئا» وەرگیراوە)
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
 2 دقیقه  935 مشاهده
کە ڕۆژ ئاوا بوو شەو هات بەسەردا
هەموو گیانلەبەر لە شار و دەردا
لە پاش ماندوێتیی تەقەلای ژیان
ئەحەسێتەوە بە خەوتنی گیان
هەر شەوە گوڵان بە دەستەمۆیی
ڕۆژ ئەکاتەوە بۆ سەربەخۆیی
بە شنەی فێنکی نەسیمی بەیان
ئەبووژێتەوە خونچە و گەڵایان
ئێمە کە چاومان بە تاریکەشەو
هەموو ئەڕێژێ بە کلچۆکی خەو
گەلێ دڵانی پر خورپە و خەتەر
هەیە بە وێنەی جێ دەمی نەشتەر
لەگەڵ لێدانا هەڵئەقوڵێ وەک ئاو
خوێناوی گەش و حەسرەت و زووخاو
گەلێ چاوانی پڕ فرمێسکیش هەن
ئاوی نەمامی دڵداری ئەدەن
گەلێک مێشکی تێگەیشتوان
نوێ ئەکەنەوە ڕابوردووی زەمان
چەن لاو و جوانان بە ئەشکی خوێنین
بە پرچی پەشێو بە دڵی غەمگین
لە پەوڕوو کەوتوون لەبن پاساران
لەژێر چەپۆکی مەرگی بێ ئەمان...
یەک دەقیقە خەو ناچێتە چاویان
هەر ئەتلێنەوە تا بەری بەیان...
چەن هەزار لاو و نازەنینیش هەن
لەژێر دووباڵی شەوا بێ محەن...
لەگەڵ دڵداری دەس لە گەردنا
لەناو گوڵزاری خۆشەویستنا
خەریکن بەکوڵ بە خونچە چنین
بە بژاری خار دەم بە پێکەنین
لەو دەمە دەمی وا بە سینی شەو
کە ئێمە چاومان چۆتە شیرین خەو
بە خوێنی پاکی ئاڵی شەهیدان
دامانی ئاسۆ ڕەنگ ئەکا بەیان
گەلێ گیرۆدەی زنجیر و زیندان
هەموو وەک شێر و بەچکەیی شێران
بۆ ڕێی سەربەستی و بەرزی وڵاتیان
ئەو بەند و کۆتە خەڵاتە لایان
بە جووتێ باڵی پڕ تین و تاوی
لە هێزی لاویی... دروستکراوی
لە تاری و لێڵی ئاسمانی ژینا
بێباک و پەروا وان لە فڕینا
جارجار لە دەنگی ناڵەی هەژاران
لە سۆزی گریە و شینی داماوان
لە ئێشی زامی دڵبریناران
لە لاوانەوەی سووتاوجگەران
دێتە لەرە و لەرز گەردوون بە یەک جار
ئەخرێتە سەر پشت قاپی کردگار
هەر شەوە و پەردەی پیشەی ڕۆژگار
کە گزنگ دەرکەوت شەو کەوتە فیرار
پیشەی ئازار و بێشکەی دڵداری
یاڵڵا سەر لەنوێ بۆ کرێکاری