گریان نەک نان
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
1 دقیقه
674 مشاهده
سەگێ لە چۆڵێ خەریک بوو دەمرد
خێوی بە ڕۆڕۆ شیوەنی دەکرد
ڕێبوارێ پرسی: گریان و بۆ سەگ؟
گوتی مەڵێ سەگ، برای بە ئەمەگ
بڕبڕەی پشت و یاری گیانیم بوو
مایەی دڵخۆشی و کامرانیم بوو
پاسداری ڕەز و پارێزگاری ڕەز
خۆش بەز و بەلەز دەم گەرم و بەگەز
گورگ لە ڕووی ئەو وەک کەوی کوڵیو
بۆ ورچ ئەچوو وەک گورپە بۆ پیو
ئێستا دەبینم لە برسا دەمرێ
دڵ بەبێ گریان چۆن ئۆقرە دەگرێ؟
پرسی: چیت پێیە کۆڵت گرانە؟
وتی: تێشوومە و هەنبانە نانە
گوتی: ناوت نا برای هاوپشتت
نان بە کۆڵتەوە و لە برسان کوشتت؟
گوتی: دۆستیمان هەرچەند بە هێزە
گەرمە و بەکێشە و بەپشت و پێزە
بەڵام تا ئەوجێ نەوینە هاواڵ
لە تۆشەی خۆشم بەشدار بێ گەماڵ
بۆ گریان و شین گەلێ ئامادەم
بێتە باری نان تیکەیەک نادەم