سەرچاوە سوێرە

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  607 مشاهده
میری کۆر دیتی جلشڕێ دژوێن
میری گرتۆتە بەر بە تووک و جوێن
خوایە دەور و دووکانی وەرگێڕی
چی لەدەس نایە میری وا خوێڕی
کوڕی دارۆغەیێکی لێی داوم
خوا هەڵینەگری زۆری لێ کراوم
پرسی: جا مووچەخۆر بە میری چی؟
دۆ تراوە و ترش بە شیری چی؟
لە وەرام ئەو هەژارە دڵ ژیرە
وتی: زنجیرەیە و لەیەک گیرە
دەست و پێ جۆیە، میرە سەرچاوە
تامی ئاو هەر یەکە لە هەرلاوە
ئاوی کانی کە شیرن و خۆشە
گەر لە ناوجۆشە خۆشە بینۆشە
ئاوی جۆ تاڵ و بۆگەن و سوێرە
دیارە سەرچاوە پیس و بێ خێرە
میر تکاندی لە چاوی ئاوی سوێر
مەرجە فەرمووی نەمێنێ میری کوێر