بەزمی ڕووتی
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
2 دقیقه
809 مشاهده
دەڵێن هەلاکۆ جارێک
دەچێتە دەوری شارێک
دەڵێ لە چووک و گەورە
هەرکەس پێو وایە چەورە
دە لیرەی لێ بستێنن
دڵی هەژار مەشکێنن.
لە بنەوە ناردی پیاوێک
لەشار بگێڕێ چاوێک
دێتەوە دەڵێ: ئاغام
تەواو بەشارا گەڕام
باجدەر بار لە سەر لێون
هی زۆر زل قوڕ دەپێون
دەڵێ کێ بۆتە حاجی
هەزار لیرەیە باجی
کێ لەوان نەویترن
خۆو ئەندازەی بگرن
نامەوێ چیان بمێنێ
جاسووس خەبەرێ دێنێ:
خەڵک کەمیان وەڕەزن
هەر حاجین تۆزێک کزن
دەڵێ حاجیان تاڵان کەن
جا وەرن بۆم بەیان کەن
جاسووس دێ بەپێکەنین
کە ئەی خانی سەر زەمین
بەزمێکە بەڵام بەزم
کەس نەما بڵێ ئەزم
کەس ئاگای لەکەس نییە
فەرقی شێخ و قەس نییە
تێک هەڵدانە و شەڕە شەق
چڕە و گوڕە و چەقە چەق
هەڵپەڕکێیە سێ جڕتی
سەرچۆپی حاجی گرتی
قازی گۆرانیان دەڵێ
مەملی مەمۆ و سەوزەڵێ
خانی وشیار و زانا
بڵیمەت لە جیهانا
دەڵێ نامە با ڕاکەین
شارێکی تر پەیا کەین
بەزم بەزمی ڕووتییە
هەڵپەڕکێی نابووتییە
چیان نەما لێی بترسن
وا لە خۆشیان دەڕەقسن
بێنە سەرمان ئەمانە
ڕووت ئاگری بێ ئەمانە
قەت یەکێکمان ناهێڵن
زووکەن بەجێیان بێڵن