چۆن جێژنە ئەگرین؟
جێژنی ڕەمەزان
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
6 دقیقه
1015 مشاهده
جێژنە، ئی وا هەیە دڵی خۆشە
زۆر کەسیش لێو بەبار و ڕەشپۆشە
هەیە دەستی ئەخاتە ناو خەنەوە
هەیشە ماتە و دەسی بە ژێر چەنەوە
یەک بەناز پا ئەخاتە سەر کورسی
زۆر دەسیش وان لەسەر زگی برسی
یەکێ سینی پڵاو و گۆشتی لە پێش
زۆری ئاواتە خوازە بۆ بڕوێش
یەک سمیڵ با ئەدا بە دەستی چەور
یەک دەسی پۆرگ ئەدا بەدەسکی تەور
یەکێ قاقایەتی دەگەڵ یاران
زۆر کەسیرەش هەیە لەبەر باران
یەک جل و بەرگی تازە درواوە
یەکێ بێ ڕانک و پێچ و پێڵاوە
یەک لە باوکی ئەسێنێ جێژنانە
زۆری بێ باوک و وێڵی کۆڵانە
یەکێ سەرگەرمی بەزمی ڕەشبەڵەکە
یەک لەناو سەنگەرە و لە پشت کەڵەکە
یەک بە شادی لەناو ژن و ماڵە
یەک لە دووریی مناڵ ژیان تاڵە
یەک لە بان سینە زەردە مەم دەگوشێ
یەک بەرەو دوژمنان بەسنگ ئەخوشێ
یەک لە شارا بە بێ ترس ژیاوە
یەکێ پێشمەرگەیە و بەسەر چیاوە
یەک لە «حیزی و سەلامەتی » دەگەڕێ
یەکێ سەرخۆش دەبێ بە کۆڕی شەڕێ
یەک لە بێ مووسی زبرە، یەک لووسە
هۆی چییە! باسی پووڵ و نامووسە
یەک دەژی بۆ دراو وەکۆ کردن
یەکێ نامووس پەرستە تا مردن
کوردستان ئەو بەهەشتی بێ وێنە
نوقمی ناو خوێنە، بێ سەر و شوێنە
دیل و داگیرکراوی ئەغیارە
لە هەمووی دەنگی داد و هەوارە
چەندی چاوت ئەگێڕی دار و پەتە
کوردی پێدا دەکەن بە ناوی چەتە
کوێ ئەچی بەند و چاڵ و زیندانە
ماڵی تا ڕۆژی مەرگی کوردانە
چەند هەزاراران مناڵی کورد بێ باو
چاو کز و دڵ پەرۆش و سەر شێواو
چاوەڕێی باوک و کاکی گیراون
جێژنەیە، بێ لیباس و بێ دراون
چەند هەزار بێوەژن هەتیوبارە
چاو بە فرمێسک و دڵ بریندارە
***
لاوی پێشمەرگە شارەزای دەردە
بۆیە جێ بەزمی جەژنی بن بەردە
دەیەوێ نیشتمانی ئازاد بێ
کورد هەمووی شاد و دوورە بێدادبێ
چاوی پڕ ئاوی بێوەژن بسڕێ
جلی جوان بۆ هەتیوی کورد بکڕێ
دەرکی زیندانەکان لە ڕێسمە بەرێ
کوردە گیراوەکان بخاتە دەرێ
باب و کوڕ مێرد و ژن بەیەک شاد بن
خەمی ڕۆژانی دیلی بەرباد بن
لاوی پێشمەرگە مەشخەڵە و ئەگڕی
تاریکایی لەسەر وڵات ئەبڕی
دڵی شادە بە کاری پیاوانە
لاوی وا ڕۆشناییی چاوانە
ئەو دڵەی کوردستانی تێدایە
خەمی ماڵ و ژیان لەلای بایە
***
کوردی واش هەن دەژین بەبێ خەبەری
چی لەوان دەردی هۆز و خاکە سەری
بت و قیبلەی ئەوان زگ و ورگن
هاری شوێن گۆشتن و ڕەوەی گورگن
جێگەیان یان حەمامە یان سفرە
پیاوەتی و زبری لای ئەوان کفرە
دۆشەکی تووکی قوو نەبێ نانوون
مێردن، ئاواتەخواز بە کەیبانوون
کوردی داخێون و دەڵێن کوردین
ترسەنۆکین، لە خشپە دڵخوردین
کوردی خاوو خلیسک و دەس بەخەنە
کورد نییە زۆڵە کوردی لاپرەسەنە
دایکی مێردی نەبوو ئەوەی هێنا
غەیرە کوردێک بوو، ناوەکەی لێ نا
هەشە دەروێشە، سۆفییە، کوڵکە
ڕیشی ئاڵۆزە، پرچی پڕ چڵکە
مارگرە، ئاگر و خەڵووز خۆرە
تیخە، کەشکۆڵە، زەرگە، ساتۆرە،
باری شێخ و خەلیفە هەڵدەگرێ
بێ خەبەر زاوە، بێ خەبەر دەمرێ
بژی یان بمرێ هەر زیانبارە
دین و دنیای لەدەس چوو بێچارە
***
هەیشە هەر کوردە خاینە و خەتەرە
هەرکەسێ بیگرێ گۆشتی سەرچەپەرە
نیشتمان، دین و ئایین و نامووس
لای نییە، هەر ئەزانێ بێنە فلووس
قوڵە چۆماغی دەستی زۆردارە
دڵی سەد پارەیە لە سوێی پارە
جاشە بێ فەرقە بۆی مەجووس و فەلە
کێیە جاش ئەگرێ پارە بێنێ حەلە
عارفە، بەکرە، قاسمە، عەفلەق
جاشی لازم بێ گوێ لەقە و سم ڕەق
گازیی بۆ ئەگرێ، جووتە هەڵداوێ
ئالیکی زۆر بێ، ئابڕووی ناوێ
ئەوە ژەهری هەیە وەکو مارە
تا سەری نەنجنی نییە چارە
***
هێندەکیش خوێندەواری ڕەش خوێنن
کوردی سەر مێز و مەردی ناو نوێنن
کوردی چاکن لە دەوری شووشە عەرەق
فەلسەفەت بۆ دەڵێ و قسەی نەستەق
ئەڵێ من بم وەها دەکەم، واچێ
دوژمنێکم لەدەستی دەرناچێ
پێی بڵێ، فەرموو وا چیا وەرە شەڕ
گورجێ وشکاوی دادێ ئەو دەمی تەڕ
پێت ئەڵێ من! بەکێ ئەڵێی من بێم!
دەشتەکی تۆ، دەبێ نەزانی کێم!
کوڕی پشکەڵ ئەفەندی، بێتە شەڕێ!
تەخت و بەختی زەمانە وەردەگەڕێ!
ئەوە پێویستە لێی گەڕێی، بدوێ
تا بە سەرخۆشی دەچتەوە، دەنوێ
***
جێژنە، خۆزگە دەستی ئەوەندەم با
یان کڵاوێکی سەخرە جندم با
هەرچی بم ویستبا لە هەنبانە
دەربچووبا و ببا بە جێژنانە
***
بۆ مەلا مەنجەڵێک لە گۆشت و پڵاو
بۆ فەقێ مێزەرێکی هەڵپێچراو
دەف و زەرگم دەدا بە مام دەروێش
تۆزێ ئیمان بە شێخی خۆ هەڵکێش
ڕیشی سۆفیم دەشووت بە تاید و سیم
سەیری ئاوێنەکا بڵێ من نیم
بەشی حاجی درۆی زل و دەس بڕ
بەشی دێوانە! حاو و حوو، مڕە مڕ
شەتی بەغدایەشم ئەکردە شەراب
بۆ بە دەم کوردەکانی عالی جەناب
خەنە بۆ پیاوی دەم بە نووزە و شل
شانە و ئاوێنەیێک و تۆزێ کل
لوڕ و کورتان و کاو جۆ بۆ جاش
پاڵوو بۆ بەرمل و بەڕەش بۆ پاش
شێست و شەش زەنگوڵەم ئەکردن بەش
لەملی جاشەکانی شێست و شەش
بەشی داگیرکەریش گرامێک بیر
تا بزانێ زمان دەسووتێ بە سیر؟
بیری کوردتوانەوە لەسەر دەرکا
ئەقڵی بێ؟ ناشێ چیدی خۆی کەر کا
ڕەمەزانی ئەوەندە بێ ڕۆن بێ
شەشەڵان گرتنی دەبێ چۆن بێ؟
***
سەد هەزار ئافەریم و هەی دەسخۆش
بەجەواڵ و بە هۆڕ بەچەنگ و بە کۆش
بۆ کوڕی کوردی مەردی ناوسەنگەر
لەم سەری کوردستان هەتا ئەو سەر
ڕەمزی ئازادی لاوی پێشمەرگە
خاکی پۆش، لێت مبارەک ئەم بەرگە
تۆی هومێدی گەلە هەژارەکەتی
تۆڵە ئەستێنی گوند و شارەکەتی
چەند هەزاران هەتیوی باو کوژراو
چەند هەتیوباری بێ کەس و داماو
چاوەڕێی مژدەتن کە مزگێنی
جەژنی سەربەستی کوردی بۆ بێنی
سەر بڵند بین و سەربەخۆ کە بژین
جەژنەمانە، نە ئێستەیە کە دژین
گەلی کورد تا ئەسیرە جەژنی نییە
ژینی بێ سەربەخۆیی نرخی چییە!
جێژنی ئازادی جێژنی کوردە و بەس
ڕۆژی کورد سەر نەوی نەکا بۆ کەس
ئەودەمە جەژنی ڕاست و جەژنی خۆش
بۆ هەموو کوردەواری، بۆ من و تۆش