بەسەرهاتەکەم
یادی حەوت ساڵەی شۆڕش
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
5 دقیقه
951 مشاهده
ئەو کوردەی ئێستا ژێر دەستە
بە خۆی نازانێ و بێ هەستە
هێندێکی سوورە و هێندێک شین
هێندێک هەر تێ نەگەیون چین!
زۆربەی نوقمی ڕیش و پرچە
پێت وایە ئامۆزای ورچە!
مامۆستا و خوێندەوارەکان
شامار و شادەمارەکان
دەبن بەجاش، خۆ دەفرۆشن
بۆ دوژمنان تێ دەکۆشن
هەڵوەدای کورسی و دراون
هەست ناکەن هوڕە لێ دراون
بەبیور لاقی خۆ دەبڕن
مردن بۆ خزم و خۆ دەکڕن
گشتی پاشماوەی پیاوانن
نەتەوەی خاوەن ناوانن
***
با پیرەکانمان لە زوودا
بەناوبانگ بوون لە مێژوودا
ئازایەتی و کورد دوانە بوون
ترسێنەری بێگانە بوون
ماد و کەیانی زوو منم
زاڵ و گیو و برزوو منم
بناغەی زەند و ئاوێستا
لەسەر پەنجەی من ڕاوێستا
ئەوسا بوو، یۆنانی و ئاشۆر
ناویان نام کوردی خاوەن زۆر
***
بەڵام ڕۆژێک گەردوونی دوون
هەڵی داشتم سەرەو نخوون
وشتری پێ پان پێی لێ نام
زەروە ڕەشکە دمیان تێ نام
خوێنیان مژیم، لە هێز کەوتم
تریاکیان دامێ لێی خەوتم
خستمیانە قەفەسەوە
دیل بووم بەدەست ناکەسەوە
پەردەی ڕەشیان بە سەردا دام
کەس نەیزانی مردم یا مام
بنووس کەوتە دەستی دوژمن
سەگەل شیشانە گیانی من
گوتیان کوڕی جن و دێوی
چەتەی، دزی، سەربزێوی
حەڵاڵە نامووس و خوێنت
بۆ ئێمەیە جێگە و شوێنت
لێم حەرام بوو حەڵاڵی خۆم
بوومە غەریب لە ماڵی خۆم
سەتان ساڵە هەتا ئەمڕۆ
من ماڵوێران و ڕەنجەڕۆ
سەدجاران دەستاودەست کرام
هەر جار پتر بێ هەست کرام
دیوەخانم بەرباد کرا
تەکیەی لە جێ بنیاد نرا
بژیو و سامانیان بردم
فێری مار گرتنیان کردم
***
چووم لە مزگەوتان بخوێنم
بەڕەی خۆم لە ئاو دەرێنم
پێیان گوتم قەزا و قەدەر
نووسی لە نەگبەت نەچیە دەر
بۆت نووسرا دیل و لەژێر بی
دەبێ شوکرانە بژێر بی
کێ ڕووت بێ و لەبرسان بمرێ
لە دونیا پاداش وەردەگرێ
بەهەشت جێ زەرگی دەروێشە
ئەسپێون کاری لە پێشە
ژینی خۆش و زۆری بەرهەم
ڕات ئەکێشن بۆ جەهەندەم
چوومە مەکتەب خێری گیانم
بەڵکو دەس کەوێ دەرمانم
لەوێش مامۆستا دوژمن بوو
چاوی لە خواردنی من بوو
دەرسەکەم بە خۆی داینابوو
چی بۆم خراپە تێیدا بوو
فێربووم کەس دۆستی کەس نییە
تا خۆپەرست بێ بەس نییە
برا و دراوسێ و هاوماڵت
باب و دایک و مام و خاڵت
گش بە دوقۆشە بفرۆشە
قەت بۆ کۆمەڵ تێ مەکۆشە
ئەگەر بڵێی کوردم پەستی
بەڵایە ڕەگەز پەرستی
نۆکەری بێگانە کردن
بەشی کوردە هەتا مردن
ئازادبوونی نیشتمانت
بدە بە دراو بۆ گیرفانت
قاپە ئارەقێک لە نادی
بە تام ترە لە ئازادی
***
منی وا هەژار و کڵۆڵ
لەش کرمۆڵ، بژیو خاک و خۆڵ
زۆربەی لەش و گیانم ڕزیو
ئەوەی زیندووش مابوو تەزیو
وا بێ دەرەتان و داماو
لەناو قەفەس نەفەس بڕاو
مل کەچ و چاو سیس و سەرشۆڕ
بێ تاووتین، پێ لەسەر گۆڕ
هەودای هومێد وەک موو باریک
دەوروبەر و بەرچاو تاریک
لەپڕ گوێم زرینگایەوە
چیا و چۆڵ دەنگی دایەوە
شۆڕشی کوردە و بارزانی
هاتە هاواری خزمانی
شووڵی قەفەزی هەڵبڕی
پەردەی بە خەنجەر دادڕی
دوژمنی خستە هەلوەلا
قەزات لە هەژاران مەلا
چاکی مەردیت کرد بەلادا
هەوری نەگبەتت وەلادا
تا دنیا بێ ناوت ماوە
لەمێژوو، بەزێڕ نووسراوە
***
کوڕی کورد کامەی نەڕزابوو
دەماری پیاوەتیی مابوو
کفن بە شان، سەر لەسەر دەست
لە ڕێی سەربەستی ڕیزی بەست
دڵ پڕ و دەست لە سەر خەنجەر
تینوو بە خوێنی داگیرکەر
تۆڵ ئەستێنی هەزار ساڵە
پاڵەوان ڕەنجبەر و پاڵە
ساتێک لەسەر جێ نەسرەوتن
وەشوێن قارەمانیان کەوتن
ژینی کوێلەیی بابەس بێ
حیزەبخویی بۆ ناکەس بێ
مردنیان ویست بەسەر بەرزی
دڵ و دەزگای دوژمن لەرزی
زۆڵە کوردی نامووس نەماو
ڕەتێنرا وەک پووشی لافاو
فڕۆکە و تانکی تۆپ لەسەر
بەهرەی نەدا بۆ داگیرکەر
شکا، بەڵام چۆی شکانێ!
هەر خۆی و خودا ئەیزانێ
***
کوژراین، خوێنی دوژمنمان ڕشت
هەوای ئازادیمان هەڵمشت
بای باڵمان داوە لە چیادا
ناوبانگمان کرد لە دنیادا
پەڕ و پۆمان دەر کردەوە
دیلیمان لە بیر بردەوە
***
یاباش هەر لەسەر بیری زووی
ماتە بۆ کەوی لەدەس چووی
قەفەزە شڕەی هێناوە
جووتێک جاشوولەی تێ ناوە
یەک کۆنە جاشە و ماندووە
لە زەڕە و جووتە کەوتووە
ئیدیش مودێل شێست و شەشە
لە غیرەتی کورد بێ بەشە
لەلای دوژمنی خوێندووە
بەرگی شەرمی داکەندووە
چەند لاویچێک جۆی بۆ بردوون
بە نەقیزەش فێری کردوون
دەلووشێنن تا ڕاوم کەن
دووبارە تووشی داوم کەن
***
بەڵام تێ ناگەن بێچارە
ئەمە ئیشتیای بەفری پارە
ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ جیام
کەو نەماوم، شێری چیام
تازە بۆی ناچمەوە ناو داو
کوردیش دەبێ بێتە بەر چاو
زمان و ئەدەبیاتەکەم
گوڵی هیوا و ئاواتەکەم
پێویستە بگەشێتەوە
ناشێ لە بیر بچێتەوە
دەبێ ئاڵای «خانی» هەڵکەم
دەگەڵ هەورانی تێکەڵ کەم
شیعری «حاجیشخص» دەخوێنمەوە
تۆڵە لە زۆڵ دەسێنمەوە
گۆرانشخص و بێکەسشخص یاد ئەکەم
گیانی پیرەمێردشخص شاد ئەکەم
بەگڕی نەورۆزی ڕزگاریم
دەسووتێ باری هەژاریم
مام یابا خەیاڵت خاوە
چت دەس ناکەوێ لەم ڕاوە
سوێندم بە عابا و عەگاڵت
کورد نابنەوە بە ئاژاڵت
شیریان بدۆشی و پێی بژی
داوای ژیان کەن بیانکوژی
داو و دانەت خڕ کەرەوە
لەسەر وشتر بیان بەرەوە