قەوانە شڕە
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
3 دقیقه
2124 مشاهده
بوو بە هەزار و چوارسەد ساڵ
لەگەڵ عارەب بووینە یەک ماڵ
خێوی قیبلە و کیتابێکین
وەک دەڵێن بەرە بابێکین
بەڵام ئەو برای ئیسلامەم
ئەو کاکە نێرە زەلامەم
هەرچی هەمبوو بردی بۆ خۆ
منی کوشت بە هەرزن و جۆ
بە فەرموودەی ئەو لە ژینا
هاوبەشین لە شایی و شینا
شین بۆ من و شایی بۆ ئەو
من ئەبێ لەڕ بم، ئەو قەڵەو
***
ئەگەر داوای نان و ئاو کەم
ئارەزووی بەرگ و پێڵاو کەم
بڵێم برای هاودینەکەم
هاوڕێکەی لە مێژینەکەم
بە ناشکوری ناڵێم براین
ناچاریان کردم تێک خراین
لە ڕێگەی خوا و قورعانەکەت
خێری دین و ئیمانەکەت
سەد یەکێ لە داهاتەکەم
چۆڕێک شیری وڵساتەکەم
هەزار یەکێ لە نەوتی خۆم
پێم کەرەم کە بێ نان و دۆم
با بەس کوێر بم بێ ڕووناکی
با پێت بڵێم کاکی چاکی
ئەڵێ هەی لە دین وەرگەڕاو
کورد و بەرگ و نان و پێڵاو!
وە دیارە بوویتە «شعووبی»
ئەبێ لە ڕێگە دەرچووبی
***
هەر لەشێخی ئەزهەرەوە
کێ مێزەری بە سەرەوە
مڕ دەکرێن لە گۆشت و پڵاو
پڕ دەکرێن لە پارە و دراو
وەها تیژ دەبن سەردەکەن
فتوای کافریم دەردەکەن
پاش فتوا، لەم کوردستانە
فڕۆکە و بۆمبابارانە
تۆپ و دەبابە و شێست تیرە
خوێن ڕشتنی لاو و پیرە
کوشتنی ژن و منداڵە
بژیومان هەر خوێنی ئاڵە
مزگەوتەکەم دەڕووخێنن
قورعانەکەم دەسووتێنن
سەرلەنوێ تاڵانم دەکەن
هەرزن و جۆیەکەش دەبەن
***
ناچارم ئەکەن بێمە دەنگ
پەلامار بەرم بۆ تفەنگ
کە ئەشچم تۆڵە بستێنم
وەک پڵنگی چەنگ بەخوێنم
دوژمن خۆ ناگرێ لە بەرم
خوێنیان ڕادەماڵێ، تەرم
ئەبێتە قیڕقیڕی یابا
یابا کە زانی دەرنابا
ئەمجارەش وەک چەند هەزار جار
قەوانە شڕ دەخاتە کار
دیسان مەلا و ئایەت دێنن
لەسەر ئیزگە بۆم دەخوێنن
عەرەب و کورد برای دینن
هەردووک دوعای یەک ئامینن
کەی ڕەوایە ئیسلام کوشتن
حەرام کراوە خوێن ڕشتن
منیش بەستەزمان و فەقیر
دیسان لە تەپکە ئەکەم گیر
بە دوو درۆ دەم خافڵێنن
هەتا دەرفەت وەدەس دێنن
دیسان ئەو زوڕنا و ئەو پیکە
دیسان هەمان فاک و فیکە
***
ئاخر ناڵێم جارێک و دوان
تاکەی ببمە مەڕی بێ شوان
تاکەی بەدرۆ دەسخەڕۆ بم
هەتاکەی هەر ڕەنجەڕۆ بم
بۆ چ من بکوژرێم ڕەوایە!
تاکەی سەما بەو هەوایە!
بۆ چ نەبمە خێوی نانی خۆم!
بۆ نەخوێنم بە زمانی خۆم!
بۆ نەوتی خۆم دەس خۆم نەخەم!
بۆ خۆم ڕزگار نەکەم لە خەم!
بۆ چ ماڵی خۆم دیاری نەبێ!
بۆ بەشم یەکجاری نەبێ!
من چم هەیە با لە لام بێ
عەرەب بڕوا و هەر ئیسلام بێ
لە خاکم دەرچێ و لە ڕێدا
قەوانە شڕەی خۆی لێدا
ئەو ڕۆژەی چارەی نابینم
خاوەنی ژیان و دینم
تاکەنگێ برسی و لەژێر بم!
با تاوێک ئیسلامی تێر بم
ئەگەر کوردیش ببن بە پیاو
وەک گەلانی خودا پێداو
هیچ زیانی بۆ پەز نابێ
قەت لەلای خوا ناحەز نابێ