دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  821 مشاهده
پ: مام باپیر تووڕەی؟ ب: هەر تووڕەم و بەس؟
پ: لەسەرچی؟ ب: لە داخ جاشوولەی تەرەس
گازم لێ ئەگرێ، لووشکە ئەهاوێ
پ: دەیسا بیفرۆشە وەبۆرە پیاوێ
ب: بۆ خۆی خۆی فرۆشت پێرار وەپارە
ناو کورتانەکەی پڕ لە دینارە
پ: کام جاش؟ شینەکە یان هینەکەی ڕەش؟
ب: دێزە و پێی ئێژن جاشی شێست و شەش
مامۆستامان بوو، بۆ کورد کوردێنە
ماڵی ڕماندم، هەر ئەیوت بێنە
بڕنۆی پێ کڕیم، شەڕی پێ کردم
بۆ هەمەدانیش لەگەڵ خۆی بردم
گەڕاندمیەوە بۆ شەڕی وڵات
منی تووش کرد و خۆی بەشەو هەڵات
لە ناو تەویلەی عارەو خزیوە
ئێستە جەهەندەم هەرچی دزیوە
بۆتە دوژمنم، یەخەم بەرنادا
وەزۆر ئەیەوێ ڕەنجم بە بادا
ئێژێ کوردستان ئەبێ شیمال بێ
جاشک جەحش بێ، وەرە تەعال بێ
عارەو بێنە ناو کوردستانەوە
کوردیش دەربەدەر وەکێوانەوە
دەک یاخوا بەش خۆی ڕەنج خەساری بێ
ئەو جۆیەی ئەیخوا ژەهرەماری بێ
ئەو زۆڵە کوردەی جاشی دوژمنە
گاز لە کورد ئەگرێ گۆڕی کوشتنە