عالەم ئەیزانێ کە شێتی ڕوویی زیباتم وەرە
بۆ یار
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
2 دقیقه
616 مشاهده
عالەم ئەیزانێ کە شێتی ڕوویی زیباتم وەرە
من کە سەرگەشتە و عەوداڵی چاوی شەهلاتم وەرە
ئاخ لە حاڵم گەر دەزانی چۆنە چۆن بۆ دیدەنیت
هێند پەرێشانم بە وێنەی زوڵفی تاتاتم وەرە
بێت و گەر بتکەم فەرامۆش لەتلەتی خەنجەر کرێم
ڕۆژی قیامەت بێ نسیبی جۆگەیی کەوسەر کرێم
گەر لە یادم چی سەعاتێک ونجری نەشتەر کرێم
تاکوو مردن دڵ پەشێو و شێت و شەیداتم وەرە
تۆ نەبی بۆ چیمە دنیا ئەم ژیانەم بۆ چییە؟
ناوی تۆی گەر پێ نەبەم ئەم زمانەم بۆ چییە؟
بۆ چی نازانی کە ئەم ناڵە و فغانەم بۆ چییە؟
چونکە مەحروومی غوڵامی و عەبدی دەرگاتم وەرە
ڕوویەکم تێکە بەقوربان بەسیەتی حوزن و ئەلەم
هیچ لە تواناما نەماوە هەڵگرم سەرباری خەم
بەو دوو کوڵمی سوور و ئاڵی فیتنەئەنگێزت قەسەم
دڵ بە داخت وەکوو سیاهی خاڵی گۆناتم وەرە
گیانەکەم عومری جوانیم وا لە ڕیتا چوو بە با
پێنج و دوو ڕۆژم کە مابێ مەیخەرە ڕۆژی جەزا
بێنە لیوت بیمژم تاکوو نەمردووم توخوا
ڕۆژی مەحشەر با بزانن مەستی سەهباتم وەرە
بوومە بولبول بۆ گوڵی ڕووت پیشەمە گریان و شین
ڕۆژ و شەو ناڵینە ئیشم، دائیما مات و حەزین
شەو نییە بێ یادی باڵات سەر بنێمە سەر سەرین
چەشنی پەروانە لە دەوری ڕوویی لالاتم وەرە
وەرمەگێڕە ڕوویی نازت زامەکەم ئەکولێتەوە
شووشەیی عومرم بە بەردی هیجر و خەم ئەشکێتەوە
تیری موژگانت بهاوە و بمکوژە ببڕێتەوە
با بزانن من شەهیدی بەژن و باڵاتم وەرە