دەمەتەقەی بایز و پیرۆت

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1039 مشاهده
خاوەنی ڕۆژنامەیەکی بەغدایی بە ناوی«الثورةعربی» بە ئاشکرا داوای توانەوەی گەلی کوردی کرد لە ناو گەلی عەرەبا، ئەم دەمەتەقەیەم لەسەر ئەو کابرایە نووسیوە، لە ژمارە «٥»ی ڕۆژنامەی کوردستانا چاپ کراوە:
ب: مام پیرۆت چۆنی؟ پ: بایز چە بێژم؟
بەخوا ئەم بەینە سەرسام و گێژم
ب: چیتە؟ سەرماتە، بارانە، هەورە؟
پ: کوڕە نا، لە داخ ڕۆژنامەی سەورە
ئێژێ گەلی کورد ئەتاوێنمەوە
ناوی لە دەفتەر ئەکوژێنمەوە
ئەبێ قویتیان دەم کورد و چیاکانی
خۆمیان لێ بکەمە گەماڵی سانی
ب: چی، چی؟ ئا، پیرۆت بۆمی بڵێوە
پێم ناڵێی کێیە ئەم سەگباب خێوە!
هەی باوکی لە گۆڕ نەحاوێتەوە
کورد مۆمی نوشتەس بتاوێتەوە؟
بۆ من دۆلارم بخرێمە باخەڵ
شێر چۆن ئەچێتە ناو ورگی چەقەڵ؟
ئەمە کەی کوردگەل بوونە پەقلاوە
کەر لە کوێ و کوندە لە کوێ دڕاوە؟
پ: بایز ئەی چییە ئەم قویلەقویلە
ب: پیرۆت وەگیان تۆ گشتی بۆ پویلە
ئینگلیزمان دەرکرد وەچەپڵە و فیتە
لە دەستی دەرچوو ئەم حەمکە پیتە
هەر خەون ئەبینێ بێتەوە ناومان
ببێ وەلەکە لە بانی چاومان
لات بە کرێ ئەگرێ شەڕ بنێتەوە
خۆی هەلێک دەس خا و بگەڕێتەوە
پ: ئێستا نەترسم؟ ب: ترسی چی پیرۆت؟
گەل قوتدانی چی؟ هەر بەبیری خۆت
هێتلەری باوکی ئەم ڕۆژنامەیە
کوا! کێ ئەزانێ گۆڕی کامەیە؟
هەزار پاڵەوی و سەد گەماڵ مردن
بەکەس قویت نەچوین کوردت هەر کوردن
پ: بەڵێ ڕاست ئێژی، خوا نەت باتەوە
گا، لە جێیە تر ئاو ئەخواتەوە
باوکم لێم مەگرە سەیرە ئەم دەورە
ترسام وەک خورما قویتم دا سەورە