دەمەتەقەی بایز و پیرۆت

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  973 مشاهده
کورد خەریک بوون جێژنی نەورۆز بکەن، حکوومەتی عەبدولکەریم چەتی تێ ئەخست و بڕ و بیانووی بۆ دەتاشی، ئەم دەمەتەقەیەم بەو هۆیەوە نووسیووە و لە ژمارە «١»ی ڕۆژنامەی کوردستانا چاپ کراوە:
ب: چۆنی؟ پ: هەر خۆش بی. ب: جەژنیشت پیرۆز
پ: پێکەوەمان بێ ب: لە کوێ بووی نەورۆز؟
پ: کوێخا ئەزانێ! ب: چی چی؟ باش بێژە؟
پ: بێژم چی بایز؟ دوورو درێژە
چیمان بەسەر هات چیمان چاو پێ کەوت
چۆن کەفتینە ناو ئەم دنیای وا چەوت!
چەژنی چەژناسا لە ناو ماڵی خۆم
بێ پرسی کوێخا ڕەوا نابێ بۆم!
وە بلوێری ئەو ئەشێ هەڵبەزم
وەقسەشی ئەکەم هێشتا ناحەزم
ئێژێ پات خوارە، ڕانکەکەت شڕە
لەم هەرا و قڕە زۆر دڵم پڕە
پ: خوا خەراو نەدا پ: خەراو تریش هەس؟
ب: بەڵێ دەرد فرەس بۆ پیاوی بێ کەس
مزگەفتێ بکە و پەن شەش منارە
کڵۆڵ بی، ئێژن میعراوی خوارە
پ: ئا وەخوا بایز هێجگار کڵۆڵم
وەک پەلکە گوڵی بەر سەرما و سۆڵم
چاوم لە خوایە ئێژم هەر جارێ
بگەیبامەوە دەمەو بەهارێ
بێ پرتەی کوێخا و بێ بۆڵەی سەرکار
هەوا هەڵمژم ئازاد و ڕزگار
ئەو چاخە ئەمرم چش وەجەحەندەم
سەر و ماڵی خۆم بەو ڕۆژە ئەدەم
ب: پیرۆت عافەرم تۆ پیاوی ژیری
وەتەمەن گەنجی لە ئەقڵا پیری
تووشی بەهار بی واتا ڕزگار بی
بێ بۆڵەی کوێخا و پرتەی سەرکار بی
جەژنی خۆت بگری بە ئارەزووی خۆت
دەس لە دەست یەکا بایز و پیرۆت
هەڵپەڕکێ بگرن، کوردێک وەبلوێر
دۆستان شاد بکا و دوژمن بکا کوێر