ئای نائومێدی

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 4 دقیقه  1832 مشاهده
پیرەمێرد زۆر جار چەند دێڕە هەڵبەستی شاعیرێکی تری لەگەڵ چەند دێڕێکی خۆیدا تێهەڵکێش کردووە، یاخود بە ناوی شاعیرە ئەسڵیەکە، یاخود بە ناوی یەکێکی ترەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەم کارە هەرچەند پاشاگەردانییە و پشێوییە لە ئەدەبی گەلدا، بەڵام چار چییە، وا پیرەمێرد کردوێتی، شیعری زۆری بۆ هاتووە و چاپخانە و ڕۆژنامەی لەبەر دەستا بووە بە ئارەزووی خۆی بڵاوی کردۆتەوە. بۆ وێنە: ئەم هەڵبەستەی خوارەوە کە لە کاتی خۆیدا بە ناوی «وەلی دێوانە» ەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەم هەڵبەستە لە ڕاستیدا خۆی شیعرێکی دڵداری وەلی دێوانەیە بە شێوەی هەورامی، پیرەمێرد گۆڕیوێتیە سەر شێوەی سلێمانی و چەند دێڕێکی خۆشی لەگەڵا تێهەڵکێش کردووە و هەمووی بە ناوی وەلی دێوانەوە بڵاو کردۆتەوە. هەروەها لە کاتی خۆیدا پیرەمێرد لە شوێنێکی تری ڕۆژنامەکەیدا هەڵبەستەکەی وەلی دێوانەی بەبێ دەستکاری گۆڕیوەتە سەر شێوەی سلێمانی، لە بڵاوکردنەوەی هەردوو هەڵبەستەکەدا، دێڕە تێهەڵکێشەکانی پیرەمێرد و هەڵبەستە ئەسڵیەکەی وەلی دێوانەمان بۆ ئاشکرا ئەبێت. هەڵبەستەکەی وەلی دێوانە بە شێوەی سلێمانی بەبێ دەستکاری:
هەی نائومێدی، هەی نائومێدی
هەی ڕەنجەڕۆیی، هەی نائومێدی
بەدبەختی وەک من لە کوێ پەیدا بوو
بۆ حاڵنەزانی شێت و شەیدا بوو
سەحرا و دەشت و دەر گەڕام سەراسەر
لە تووناوتوونی تووسیش چوومە سەر
هەردەی دوجەیلی مەجنون گشت گەڕام
وێنەی پەروانەی ڕەهەندی سەودام
هەوار گشت خاڵی، چۆڵ و وێرانە
بایەقوشم دی لە سەر هێلانە
نە دەنگی دیار، نە سەدای یار بوو
«ليس فی الديارعربی» غەیرە دیار بوو
وتم: بایەقوش، هاودەردی دەردم
ڕەفیق و هاوڕاز ناڵەی نەوەردم
من پەروانەی وێڵ، شەمی شەوانم
جێنشینی قەیس، شای کەم فامانم
کەی کۆچی کردووە شای شەم جەبینم
شەوقی زیندەگی ڕووی سەرزەمینم
بایەقوش وتی: شێتی نەگبەتم!
بۆ درەنگ هاتی فریا نەکەوتم؟
لەیلا کۆچی کرد ڕووی کردە لەیلاخ!
بۆ تۆ حەسرەت و بۆ من ئاخ و داخ
بە چارەی نەحسی خۆم گەڕامەوە
خۆم دا بە ئەرزا بۆی تلامەوە
دەخیل هامسەران، چیم لێ قەوماوە
بەدبەختی دنیا هەر بۆ من ماوە
ئەم هەڵبەستەی خوارەوەش ئەوەیە کە پیرەمێرد دەستکاری کردووە و چەند دێڕێکی خۆوی تێهەڵکێش کردووە و ماناکەشی گۆڕیوە کە هەر هیچ لە ئەسڵی شیعرەکەی وەلی دێوانە ناچێ و لە دڵدارییەوە جڵەوی گۆڕیوە بۆ نیشتمانی:
هەی نائومێدی، هەی نائومێدی
هەی ڕەنجەڕۆیی، هەی نائومێدی
بەدبەختی وەک من سا توخوا کێ دی؟
دەردی مەجنوونم لێ هاتۆتە دی
هەر لە نەجدەوە تا هەردەی دوجەیل
بۆ لەیل ئەگەڕام دەروون لە غەم کەیل
هاتمە بێستوون لای قەسری شیرین
بۆ فەرهاد گریام بە دڵەی نمین
هەوار گشت خاڵی، چۆڵ و وێرانە
بایەقوشم دی لە سەر هێلانە
چوومە زمناکۆ ڕاگوزەرگای لەیل
هیچ کەسم نەدی، نە شیرین، نە لەیل
لە دەربەندیخان هەتا کەلیخان
ئەو ناوە یەکسەر شێواوە و وێران
شیو و هەرد و بەرد تا لووتکەی بەرزان
پڕ لە وەیشوومە بە گەڵاڕێزان
نەکەرۆز گەڕام وادی بە وادی
شوێنی هەوارگەی ئێلی مرادی
بە جەوری فەلەک یەکسەر وێرانە
بایەقوش تیایا گرتوویە لانە
پرسیم: بایەقوش، دۆستی هاودەردم
لە جیهان بێزار، یاری چۆڵ گەردم
بۆچی وا چۆڵە ئەم مەرز و بوومە
لە کوێ پەیدا بوو وەیشوومەی شوومە
جوابی دامەوە بە قوڵپی گریان
منیش وا جەرگم بووە بە بریان
ئەمساڵ بەهارمان کە بێ بارانە
گوڵاڵەی سوورمان جەرگی یارانە
لە هەرسێ لاوە شاییە بەڕیزە
خەنەبەندانمان خوێنی ئازیزە