مەتەڵ
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1104 مشاهده
لە دار و ئاسن و ئاگر شتێکم دی لە ناو ئاوا
سرەوتی نابێ ڕۆژ و شەو، چە خۆرکەوتن، چە خۆرئاوا
لە یەک پێ ڕادەکا بەو ئاوەدا وەک ئەسپی پڕتاوە
بە نووکی لوتی ئەو، دەریا دڕاوە، هەستی بڕاوە
لە ئاوایە و ئەمەندە تینووە ناو جەرگی سووتاوە
لە سەر ئەو تینووەتیەشدا، ئاو گەیشتە قوڕگی خنکاوە
نەڕەی وەک شێرە، سەد شێر و نەهەنگی بەحر ئەترسێنێ
بە چالاکی وەکوو بازە، کەچی بێ بازد و هەنگاوە
بەسەر پشتیا تەرات ئەکرێ، ئەمەندە سەختە نانەخشێ
ئەگەر تۆفانی نووحیش بێ لەوێدا کەس نەترساوە
لە پێشدا کاروانی بۆ دەهێناین لەو پەڕی دنیا
لە ژێر بەحرا بە گوللە ئەیکوژن ڕێی ڕاستی گیراوە