مەتەڵی بەدەورە

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  1709 مشاهده
(١)
سێ بەردە و بەرد نییە
بێ ڕەقە و بۆ تەور نییە
گیا خۆریشە و کەر نییە
هێلکەکەرە و مر نییە
(٢)
زیندوو هات بە فێڵ مردوویەکی ناشت
بەری دارەکەی ئادەمی لێ ناشت
زیندوو بۆ خواردن هاتە سەر مردوو
مردوو هەڵبەزی، زیندوو پێوە بوو
(٣)
خشتە کونێکە چل مەن باریە
بۆ خۆی بێ گیانە و گیاندار سواریە
گیاندار بەوەوە توانای غاریە
ئەگەر ئەو نەبێ دەردی کاریە
(٤)
بیرێکی جاوین، گوریسی دارین
دۆڵچەکەی قوڕین، سەر و مل ڕەنگین
ئێمە لەجێی ئاو ئاگری ئەدەین
ئەویش دووکەڵمان ئەدا لەبەر قین
(٥)
پیاوێک مرد گەلێک موڵک و ماڵی بوو
بەشە میراتی کەوتبووە بەر دوو
یەکێک مامی بوو ئەوی تریان خاڵ
خاڵ کوڕی مام بوو مامیش کوڕی خاڵ
ئەم خاڵ و مامە عەقڵ نایگرێ
بزانین ئێرسیان چۆن لێ بەش ئەکرێ؟