چیرۆکی گوڕنەتەڵە

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  1262 مشاهده
هەشت نۆ مناڵی لاسار
هەستان دەستیان دایە دار
وتیان: بۆ کەشافە ئەچین
وا چاکە لە ئێستاوە فێر بین
هەر ڕۆیشتن جووتە جووتە
تا سەرکەوتن لە هەڕووتە
لەوێ ڕۆژیان لێ ئاوا بوو
گوڕنەتەڵەیەکیان تیا بوو
وتی: تاریکیمان بە سەر هات
مار و مێروو لە کون دەرهات
وەرن بچنە کۆڕە شیوێ
خۆمان مات کەین لە نەدیوێ
ئەم پیلانەیان تەواو کرد
تروسکە ئاگرێکیان چاو کرد
وتیان: ئەم ئاگرە دێیە
نان و پێخەفیشی لێیە
هەستن خۆمان گورج کەین بچین
بۆ ئەمشەو میوانیان ئەبین
هەر ڕۆیشتن و شاخ و کێو بوو
تێفکرین دێ نەبوو دێو بوو
دەڵەدێو لە گوێ ئاگردان
خەریک بوو نانی ئەبرژان
داینان لە گوێ ئاگردانێ
سەر و نانی گەرمی دانێ
وتی: منداڵ گەورە نەبوون
فێری گەڕانی وا نەبوون
دێو وتی: وا خوا ناردی بۆم
ئەمشەو یەکێکیان لێ ئەخۆم
مناڵی ماندوو هەموو لێی خەفت
تەنها گوڕنەتەڵە نەخەفت
دەڵەدێو ئەیپرسی بە جەخت:
هەی مناڵ کێ خەفت کێ نەخەفت؟
گوڕنەتەڵە پاڕایەوە
ئەترسا بیانخوات دێوە
دێو پێی ئەوت: تۆ بۆ نانووی
برسیتە و لێمان بە بیانووی؟
گوڕنەتەڵەی سەر پەڕەخەڕەک
نەنوویت ئەتدەمە بەر کوتەک!
وتی: بیڵێم بۆچی نانووم؟
دایکم فێری برێشکەی کردووم
دێوەی لەجێی خۆی ڕاپەڕان
ساجێک برێشکەی پێ برژان
خواردی وتی: ترێ خۆشە
ترێی لە سەر نەخۆیت بۆشە
هەستا و ڕۆیشت ترێشی هێنا
لەبەر گوڕنەتەڵەی دانا
وتی: ئیتر بیانووت ماوە؟
هەرچیت ویست هەمووم هێناوە
وتی: هەموو شت تەواوە
هەر ئاوی بێژنگمان ماوە
تۆ ئاو لە بێژنگا بێنە
ئەگەر نەنووم بمخنکێنە
دەڵەدێوی عەقڵ ناتەواو
بێژنگی هەڵگرت چوو بۆ ئاو
بێژنگ ئاوی ڕانەئەگرت
لە داخانا شەقی ئەبرد
دەڵەدێوە بەرەو ماڵ هات
تەماشای کرد وا ڕۆژ هەڵات
سەیری کرد وێرانەی بەتاڵ
نە ماڵی ماوە نە مناڵ
سەری خۆی دا بە بەردێکا
یەکجاری دەمی پێکادا
مناڵیش بۆ ناو شار چوونەوە
بە دایک و باوک شاد بوونەوە