گاڵتەی بەڕاست

لە چیرۆکێکی مەلای مەزبوورەوە وەرگیراوە
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  584 مشاهده
خدر بوو پیاوی حەسەن ئەفەندی
کەس پێی نەئەوت «کەرت بە چەندی»
کوێخا دەرگا بوو جێی خواجانشین
فەرەنجی پۆش بوو زستان و هاوین
ڕەنجبەری مالیک ڕۆژێک نەخۆش کەوت
ناچار ئەو ڕۆژە بێگاری بەرکەوت
پێنج کەری ئەبرد بۆ دێی کەڵەکن
کە لەسەر خەرمان کای بۆ دابگرن
لەڕێ خۆی سواری یەکێکیان بووبوو
کە ئەیژماردن هەر چواریان مابوو
وتی: ئای خۆ من، پێنج کەرم پێ بوو!!
وا چواریان دیارە ئەوی تر کوێ چوو؟
ڕوانی بۆ دواوە، هیچ دیار نەبوو
گەڕایەوە لای کەران زوو بە زوو
کە تەماشای کرد پێنج کەر تەواوە
لەم فەن و فێڵە سەری سوڕ ماوە
زۆر ماندوو بووبوو دیسان سوار بووەوە
لە بەرەوژێرە سەرەوخوار بووەوە
دیسان کە ڕوانی کەر چواریان ماوە
گریا وتی: من چیم لێ قەوماوە
خۆی خستە خوارێ بە دوعا و نزا
ئەپاڕایەوە لە بارەگای خوا
دوعای گیرا بوو ڕوانی کەر پێنجە
ڕزگاری بووبوو لەم دەرد و ڕەنجە
ئیتر نەیتوانی بڕوات بە پێیان
خۆی هەڵدایە سەر کەرێکی تریان
دووبارە بەزمی لێ هاتەوە دی
وتی: ئەمجارە کەرە گورگ خواردی
هەروا لێی خوڕی گەییە نیوەڕێ
بەرەو پیری هات خلەی کوێخادێ
بانگی کرد: کوێخا لە دەورت گەڕێم
لە کوێ خوا وا تۆی هێنایە سەر ڕێم
ئەمڕۆ جنۆکە گاڵتەم پێ ئەکەن
جارێ کەرێکم ئەدزن و ئەیبەن
وتی: خدر ئاغا چەند کەرت پێ بوو؟
چەندەیان ماون و چەندت لەکیس چوو؟
وتی: پێنج کەرم هێنابوو لە شار
کە ئەیژمێرم هاتۆتە سەر چوار
کوێخا تێگەیشت کە گونی و گیزەر
لێک ناکاتەوە کابرای قوڕ بەسەر
ئەو کەرەی کەوا خۆی سواری بووە
چونکە نایبینێ لە بیری چووە
وتی: دابەزە هەی بەندەی بێ غەش
پێنجی بۆ ژمارد خۆشی کرد بە شەش