دیسان - ناڵەی پیری پیران
موناجات - حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٧
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
799 مشاهده
پەروەردگارا ئەگەر هەر موویێ
زبانێکم بێ شوکرانە گۆیێ
شوکری نیعمەتی تۆ تەواو ناکەم
بە چیت سروشت دام من هەر ئەو خاکەم
ئەو زمانەی من شوکری پێ ئەکەم
تۆ پێت بەخشیوم بێ زیاد و کەم
خوایە سڕی خۆم لای هەر کەسێک وت
خۆمی پێ سووتام وەک سەرەبزووت
هەر تۆی، مێروولەش ڕازی بە تۆیە
سووتاوی شەوقت سازی بە تۆیە
دەرگای بزورگان شەو دائەخرێ
قاپی تۆ بە شەو هانای پێ ئەبرێ
گەورەی دنیایی دەستی بچووک ئەگرن
بەو چاکەیە خەڵک لە بەریان ئەمرن
تۆ خوداوەندی کە خەڵقت کردووین
شەیتان گەورەیی تۆی لە یاد بردووین
لەگەڵ ئەوەشدا هەر تۆ بەخشندەی
نانمان نابڕیت کەرەم کونندەی
خوایە پێم خۆشە، سەرم ببڕە
پەردەی نامووسم بە خەڵک مەدڕە
خۆت ئەزانی خەڵک چەند بێ مروەتن
هەلیان بۆ هەڵکەوت چەند کەم فرسەتن
بە سکی برسی دامنێ لەسەر بەرد
بەڵام مەمخەرە دەست پیاوی نامەرد