پەندی پەخشان
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
1261 مشاهده
لە شەڕی جیهانی دووهەمدا ژاپونەکان لە ناکاو چوونە کۆڕی شەڕەوە دژی بەرەی سوێندخواران و هاوکاریی نازیەکانی ئەڵمان و فاشستیەکانی ئیتالیایان کردووە. پیرەمێرد لە مارتی ساڵی ١٩٤٢دا بەو بۆنەیەوە ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی وتووە:
زستانی ئەمساڵ ئێجگار سەخت و سارد و سۆڵە
پیرێژن و پیرەمێردی کرد بە گڵۆڵە
کەوتینە سووتاندنی گوێسوانە و کەمۆڵە
سەراپای جیهان ئەبریقێتەوە سەهۆڵە
چاڵە بەفرەکان هەر لە خۆوە پڕ بوونەوە
چلوورە بەسەر گوێسوانەدا شۆڕ بوونەوە
ئێمە زۆرتر لە بورجی پیرێژن ئەترسین
ئەویش هات و تێپەڕی کرد ڕۆی و خەلەستین
خۆشی خۆشیمان بوو دەمانوت کە بەهارە
ئیتر دەمی بۆس و کەناری جۆیبارە
کەچی فەلەک لە ناکاو لێمان بەقینا چوو
ئاوات و خۆشی بەهارمان ئاڵوزکا و تێک چوو
چڵکە هەورێک لەو پەڕی شەرقەوە پەیدا بوو
برووسکەی دا یاجوج و ماجوج بە یەکدا چوو
سەنغافۆرەی سووتان هەموو جاوەی هەڵقرچان
بەڵام زۆری پێ نەچوو زرمەیان لێ هەڵسان
هەوریان پارچەپارچە کرد و ترسیان لە ناو برد
هەموو یاجوج و ماجوجیان تەفروتوونا کرد
ئێمەش لە شوێن خۆمان وەکوو بەرزەکی بانان
ڕزگارمان بوو وەک نە بامان دیبێ و نە باران