دەستنوێژ

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 3 دقیقه  775 مشاهده
دەستنوێژ:
وەک ڕێوی شل بووم لە پێچ و دەورە
خزاومە حەوشی مزگەوتی گەورە
وامزانی خاڵی لە ماسوایە
گۆشەی عیبادەت جێی ئینزوایە
نەمزانی بانی دووهەوا تێدا
«من كل فج عميقعربی» لەوێدا
بۆ ئەو کەسانەی دڵیان وریایە
نووری کاک ئەحمەد زۆر ئاشکرایە
لە حەوز بەرەوخوار تا بڵێی خوارە
گەر باوەڕ ناکەی وەرە بنواڕە
حەوزە گەورەکەی کە دەڵێن پاکە
پڕیە لە قەوزە هەروەک شیاکە
حەوز نییە خەزنەی چڵم و بەڵغەمە
هەر بەڵغەمێکی سەلکە شەڵغەمە
ئەبارێت چڵم و بەڵغەم وەک تەرزە
باقڵم ئاخ و تف لە لایان فەرزە
ئەدەبخانەکە و حەوزی تێکەوتن
پڕیانە لە ئاو هێندە بێ بەختن
لە حەوزی حەوشە قنگ هەڵدەبڕن
شڵپەشڵپ پەردەی حەیا ئەدڕن
چڵم و بەڵغەم و گووی تیا بشۆرە
کە قولەتین بوو «ماءاً طهورهعربی»
وا دەستنوێژ شتن تەواو بوو ئینجا نۆرەی بانگدانە:
وا دەستنوێژ شۆررا، گۆیمان لە بانگە
بۆڕەبۆڕێک دێ، وەک بۆڕەی مانگا
مەلا سەعیدە وا سەڵا ئەکا
ڕۆحی بیلالمان بۆ ئیحیا ئەکا
دوور لە بانگەکە، ئەمەم هاتە بیر
«أنكر الاصوات لصوت الحميرعربی»
دەک خوایە بانگدەر! قۆڕەت لێکەوێ
کە هەڵساین، بۆڕەت بڕابێ شەوێ
من بۆڕەی ئەمەم لا گران نایە
خەلک ئەڵێن زەوقی مەملەکەت وایە
کەس نییە بڵی: موسوڵمانینە
بانگی موحەممەد ڕەونەقی دینە
بۆچی دەنگخۆشێک نییە بانگ بدات
هەر لێرەم دیوە بانگ بە قۆنتەرات
خۆ کەسێک بێت و لەوێ بانگ بدا
لێی ڕائەپەڕێ و جوێنی پێ ئەدا
درەنگ بێ و وادەی بانگیش تێپەڕێ
با بێ وادەش بێ ئەبێ بزەڕێ
خەڵک لێی ئەترسێ، هارە «والسلامعربی»
مڵۆزمێکە بۆ بانگی ئیسلام
نازانم خوا بۆچ بۆڕەی نابڕێ
یاخود پێغەمبەر بۆچ تێی ناخوڕێ
لەزەتی بانگی ئیسلامی نەهێشت
هەرچی گوێی لێ بوو مزگەوتی جێ هێشت
بەو دەنگە قۆڕە سەڵای نیوەڕۆ
هیچ فەرقی نییە لەگەڵ باوکەڕۆ
ئەگەر اللهدێر بەو ڕەنگە بکرێ
باراش لە ئاشی گەرمیان ئەبڕێ
نوێژ:
بانگمان تەواو کرد، جەماعەت بەسترا
بۆ ئیمامەتی کوێرێک پێش خرا
بیست مەلای چاوساغ لەوێ وەستاوە
ئیمام کوێر نەبێ نوێژ ناتەواوە
هەر ماڵی خوایە شێواوە، بێ خێو
مەشهورە فیکە بە برای بێ لێو
توخوا لێی گەڕێ لە ئیمانی کورد
هەر بۆ ئەوەیە بڵێن نوێژمان کرد
ئاخ ئەم خۆزگەیەی من ئەهاتە دی
شەڕە گۆچانی کوێرانتان ئەدی
سا دایکت ئەگێم تەقەم بۆ بکە
ئەگەر نامەرد نیت مەڕۆ ڕا مەکە
تەقەی کرد گۆچان وەک تیر ئەفڕێ
ناوجەرگی کوێرەی بەرامبەر ئەبڕێ
هەندێکیان وەک ئاش ئەسووڕێنەوە
بە دووسەد چاوساغ لێک ناکرێنەوە
هەرچی نوێژ ئەکات لەوبەر هەیوانە
سوجدە ئەباتە بەر ئەو قەبرانە
لە شێخ ئەترسێت، لە خوا قەیناکا
لەبەر شێخ نەبێت هیچ نوێژێک ناکا
قەیناکە قەبری شێخی سەرکارە
سوجدە بۆ شێخە زاتەن لەم شارە
لە جەردەییشدا نوێژیان تەرک ناکەن
بۆ هەژار کوشتن پف لە دۆ ناکەن
چاولێکەرییە نوێژکردنی کورد
هەر بۆ ئەوەیە بڵێن نوێژمان کرد
ژن و شێخ لە خوا پێشترە بۆ سوێند
ئیتر بەسیەتی تەواومان تێ چێند