بەهاری ڕووزەرد
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1059 مشاهده
بەهاری ڕوو زەرد، بەهاری ڕوو زەرد
منیشی خستە کەژ و کێو و هەرد
ڕەنگزەرد و سەرشین، دەروون پڕ لە دەرد
بۆ عالەم شادی و بۆ من ئاهی سەرد
جەرگم لەتلەتە وەک هێڵی ناو وەرد
ئاخ بۆ دڵسۆزێک بۆم بێ بە هاودەرد
ڕەنگ هەڵبڕێژێ لە شێوەی بەهار
لەو ڕەنگەی خۆش بێ لای دڵەی غەمبار
لە گوڵەزەرد ڕەنگ، لە گوڵ نەورۆز داخ
لە شەونم فرمێسک، لە تەمی چەم ئاخ
لە وەنەوشە شین، لە نێرگز خومار
لە گوڵاڵە خوێن، دیدەی شەو بێدار
لە غونچە پەیکان، لە سۆسەن خارێ
دڵ بریندار کا لە دووریی یارێ
من لە دووری ئێل جەرگم خوێنین بێ
چەند خۆشە برین لەسەر برین بێ
ئەگەڕێم بە شوێن دەردەدارێکا
کەس وکار کوژراو، دڵ زامارێکا
وەک تاقتاقکەرە تا دەمی بەیان
ناڵەناڵمە لەسەر کەلیخان
لافاوی فرمێسک لە دووریی یاران
سەرەوخوار ئەڕوا وەک لێزمەی باران