ئێستا خەو بۆیە نایەتە ناو چاو
بە ناوی «زەرگەتەیی» یەوە لە کانونی دووهەمی ساڵی ١٩٤٢دا وتوویەتی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1004 مشاهده
ئێستا خەو بۆیە نایەتە ناو چاو
جێی ئەو نەماوە پڕ بووە لە ئاو
بۆیە نایەڵێ کە خەو ببینم
با بە خەویش بێ نەک ئەو ببینم
دوو چاوم هەیە: یەکێک چاوی سەر
کە بۆ ڕێگای دوور پەنای دێتە بەر
بەڵام چاوی دڵ بۆ دوورە مەنزڵ
هیچ مانعێکی بۆ نابێ حاسڵ
ئەگەر ئەو پەروای چاوی سەر ئەکا
چاوی دڵ هێندە تیژە سەر ئەکا
من لە خوام ئەوێ ئەو خۆی بنوێنێ
وەسڵ گڕی عەشق دائەمرکێنێ
لەزەتێکی وام لە عەشق دیوە
موڵکی ئازادیم بەوە کڕیوە
بە عەشق ئازادیم بۆ هاتۆتە دی
وەسڵ نامخاتە ژێر باری ماددی
من بە عەشق و ئەو بە حوسن ئەخوڕێ
هەر جوانە لە شوێن عاشق ئەگەڕێ
ئەگەر مەجنوون و فەرهاد نەبوایە
لەیلا و شیرین چۆن ئەهاتنە کایە
بەڵێ تا عاشق ڕۆژی وەک ئەو بێ
ئەبێ بەیانی ڕوخساری ئەو بێ