خوا پێداو
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
1381 مشاهده
لە بەغداد کۆشکێ لە کەناری شەت
باغی پڕ بلبل شەتی پڕ لە بەت
چیمەن زارێکە گوڵ و پەرژینە
هەرچی هات جۆشی بە هەڵپەڕینە
لێی ڕاکشابووم بە خەیاڵەوە
بەشکو پەری بۆم بێتە ماڵەوە
ناگا چوار پەری چوار دەورەیان دام
سفید پۆشێکیان بە ناز هاتە لام
بە تییلاییەکی چاوی بیماری
دڵم ئەنگێورا و دەردم بوو کاری
من بە شەرارەی ئێشی زامەوە
لەبەر پێی ئەوا ئەتلامەوە
لە پڕێک قاقای فریشتەی سەوزپۆش
گەییە سەروەختم هێنامیەوە جۆش
وتی: بەم پیرییە چیت لە جوانانە
ئەکەویە داوی خاڵ و لەرزانە
وتم: هەر پیرە جوان تێک ئەبەستێ
نەمام بە داری پیر ڕائەوەستێ
وتی: نامەوێ تۆ نەمام گیر بی
بۆ ئەوە چاکی نیشانەی تیر بی
تیرێکی هاویشت لە برژانگەوە
وەک تیری شەهاب لە ڕووی مانگەوە
هات دای لە جەرگم وامزانی مردم
جلە تازەکەی خوێناوی کردم
ئەو ڕۆیشت ئەنجا پەمەیی پۆش هات
ئەویش تیرێکی کردم بە خەڵات
وتی: خۆت بگرە کافر! بەگیری
پیری، بۆ ئێمە کۆڵەکەی تیری
وتم: تیرێکت لە جەرگی پیر دا
سادەی تیرێکی تر بە شوێن تیر دا
بەم سێ تیرەوە دڵم نەئەسرەوت
خوا دای زەردەپۆش لەولاوە دەرکەوت
بەو باڵای ئاڵای سەروی نازەوە
بەو چاوە بازەی عیشوەبازەوە
تریقەی قاقای زیندووی کردمەوە
ئێشی خەدەنگی لە بیر بردمەوە
بە میهرەبانی هات بەلامەوە
دڵخۆشی دەوای زامی دامەوە
بانگیان کرد هەر سێ پەری کوشندە
هاتنە سەرینم بە عیشوە و خەندە
وتیان: هەرچەند خوێن کەوتە بەینەوە
ئەمجارە هاتووین ئاشتت کەینەوە
دەست لەملان و گەردن ئازایی
کردمانە کەیف و بەزمی چاوشایی
چایی لە سایەی گەردنیان دیار بوو
حۆری بەهەشتیان لا خزمەتکار بوو
سیانیان دەربارەی من لوتفکار بوو
بەڵام یەکێکیان لە پیاو بێزار بوو
خوا تۆڵەی ئەویش لە بەد بستێنێ
دۆژمنی جنسی لەتیف نەمێنێ
بە دەست لەملانیان بوومەوە بە کوڕ
سەرچۆپیم کێشا بە عەشق و بە گوڕ
بە دەماغەوە ئەموت: شا کێیە؟
بۆ کەس نەلواوە ئەم هەڵپەڕکێیە