کوردی پەتی

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  2264 مشاهده
ئەمساڵیش دیسان وا گەیمە بەهار
سەوزەی مێرغوزار، سۆزەی مێرغوزار
دوگمەی سەر سینەی بەیان ترازا
بەیان بە گوڵی سپی و سوور ڕازا
هەوری بەهاری کردی بە هەڵا
گولاڵە خەیمەی ئاڵی خۆی هەڵا
بەرخ و کارژۆلەی بەهار بە قەتار
هەڵپەڕکێیانە بە بەستە و قەتار
کە بای داراوس ئەشنێتەوە
پیاو خۆی تێئەگا و ئەبووژێتەوە
ئەو بایەی خاکی زیندوو کردەوە
پیریی لە بیری پیران بردەوە
بە دەماغ خۆیدا لە دەماغی من
ئاخ بێ دەماغە گوڵەباغی من
بە دەست پیریەوە کۆکەکۆکمە
خوازبێنی بەفر و هەڵەکۆکمە
سا تۆخوا کوڕگەل ئێوە و خوای خۆتان
سەیر کەن لەباتیم تا دەلوێ بۆتان
کە «ژین» و بەهار هەردوو بایەک بێ
جوانی و نەوجوانی هەردوو با یەک بێ
ژین ئەو ژینەیە بەیانی بەهار
لە گۆشەی ئاوێ و یارێکی دڵدار
دوو دڵ یەک بۆ یەک ئاواتەخواز بێ
نەک بە نەنگەویست نیاز و ناز بێ
دڵیان وەک ئاوی بەیانیان ڕوون بێ
بە نەشئەی سەودای یاری گوڵگوون بێ
تیشکی ڕۆژ بدا لەو ئاوە جوانە
شەوق بداتە سەر کوڵم و بڕوانە
بە زەردەخەنە سەر گۆنای چاڵ بێ
بە بۆی هەناسە هەڵگڕێ و ئاڵ بێ
دڵ سەراسیمەی شێوەی نازی بێ
گوێی حەڵقە لە گوێی شیرین ڕازی بێ
گیان بادەی غەمزەی چاوی بنۆشێ
دەست بێپرس سێوی سینەی بپۆشێ
ئەو سینە سافە شەوق بداتە ئاو
ئاو بێتە لەرزە شەرم هەڵسێ لە ناو
سەرمەستی سەودا و سەرلەسەر ڕان بێ
ئەگریجە لەسەر ڕوو پەریشان بێ
ئەو شلکەی ڕانە و زوڵفە سەد تەرزە
دڵ وەک بیی ناو ئاو بێنێتە لەرزە
دەم بەستەی تامی دوو لێوی ئاڵ بێ
دەماغ سەرخۆشی دوو لیمۆی کاڵ بێ
ئەنجا بە تکای نیگا و بە نیاز
ڕازی دڵ بێتە سەر گروشم و ناز
بەڵام عەشقی پاک تا سەر ئەمێنێ
وجوودیش نەبێ ڕۆحت ئەژێنێ
ئەوی ناتوانێ کە خۆی ڕاگرێ
خۆڵەمێش ئەبا لە جێی ئاگرێ