یاری دڵ پەیکەر
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
986 مشاهده
یاری دڵ پەیکەر، یاری دڵ پەیکەر
یاری دڵفریب، ڕیشەی دڵ پەیکەر
نموونەی نەخشی خودای بانی سەر
شێوەی شیرینت خوسرەو شەیداکەر
سیای زوڵفانت ڕێی تاری زوڵمات
دەمت لە ناویا سەرچاوەی حەیات
حەوت گورزی پرچت حەوت لەشکری ڕەی
بازووشکێنی سەد کاوسی کەی
سێوت نارنجی زوڵەیخای پەست کرد
ڕۆژی ڕووت مانگی کەنعانی مەست کرد
جەمالت مەجال بێ نوختە ئەکا
جەلای جەلالت دڵ پوختە ئەکا
ئەمەت پێ ئەڵێم بە دڵسۆزانە
تووڕەیی ئەبێ و تۆرە بەهانە
قینت هەڵنەستێ گوێ بگرە لە من
پابەندی من بی نەک بەندی دوشمن
گوڵەکەم ناوت لای عاشقان گوڵە
ناوی لای بەندەت وەک بەندی دڵە
گوڵ کەوتە دەستی خراپ و چاکێ
بۆنی نامێنێ ئیتر ئەژاکێ
گوڵ بۆ کەسێکە قەدری بزانێ
بیدا لەسەر وەک چقەی سوڵتانێ
هەندێ سەرسەری دوای جوان ئەکەوێ
گوڵی بۆ بۆنی سەعاتێک ئەوێ
دوای ئەوە کەوتە دەستی و بۆنی کرد
هەڵیەپچرکێنێ وەک شێت دەستوبرد
بەنای ناڕەوا ناوی ئەزڕێ
پەردەی عیسمەت و جوانی ئەدڕێ
تۆ خۆت مەدە دەست هەرزەی هەرزەکار
دوور بێ نەبیتە پەندی ڕۆزگار
دۆستی یەکێک بە، دانا و سڕپۆش بێ
هەرچی ببینێ مات و خامۆش بێ
تۆماری شوخیت نەخوێنێتەوە
وەک بەندەت تا سەر بمێنێتەوە
ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر عەشقی زیاد بێ
هەمیشە مەیلی ئێوەی لە یاد بێ
یەک بەدەن، یەک ڕۆح، یەک نەفەس، یەک دۆست
ببنە بادامی دوو مەغز و یەک پۆست
تەنها مەجنوونێک لێوەی لۆنگ بەشان
نەک لووتوپووتی ناڕەوای شاهان
خۆ ئەگەر سالی ژوور سێ بست کەوێ
چاوباشقاڵ نابێ تەنها تۆی ئەوێ