دووبارە هاوین
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1140 مشاهده
هاوینمان بۆ هات وەک کڵپەی تەنوور
تەپە دووکەڵی خستە شارەزوور
زوڵفی بەڕەزای شۆخی هەڵقرچان
نێرگسەجاڕی بە جارێک تەپان
چنووری چون نوور کەوتە ناو دووکەڵ
ملی وەنەوشە کەچ بوو بە ئاژەڵ
«لدوسترکی» ی ناو بوو بەڕەزای پەست کرد
پەلی چنار و سەوڵی بەیدەست کرد
مانگەشەو جلوە و تریفەی کەم بوو
وێنەی دەماوند گەردوون پڕ تەم بوو
خۆزگە ئەم گڕە تاوی عەشق ئەبوو
لە دڵی وەتەنپەرست بەر ئەبوو
ئەوسا ئەو جۆشە، دڵی ئەنەخشان
دڕکی تەماعی شەخسی ئەسووتان
هانام بە تۆیە خوای «ژیان» و «ژین»
لەم دەرفەتەدا شپرزە نەبین
جارێکە و ئەمجار کوڕگەل بێنە کار
کاڵای کوردستان بخەنە بازاڕ