ژیان

از کتاب:
شیعر و هەڵوێست
اثر:
حسین مولود احمد (1953-1979)
 3 دقیقه  2115 مشاهده
ژینم وەک خەوێ هاتە پێش چاوی
کوردستان تێر تێر نەژیام لە ناوی
نەژیام خزمەتێ بکەم هەتا هەم
تێشوی بۆ شۆڕش تیا بێنمە بەرهەم
نەژیام تا دڕکێک وەلا نێم لەڕێی
هاوڕێی پێشمەرگەم زامار نەبێ پێی
نەژیام خزمەتێک بۆ گەل تۆمار کەم
ڕووم بێ! ڕوو بەرەو ئاڵای کرێکار کەم
نەژیام هێند بکەم پێشمەرگایەتی
برا شەرم نەکا: بڵێن: برایەتی
نەژیام ئەو کەسەی وەک منەو، دیلە
ئازاد بێ و بڵێ: برام لە قەندیلە
ئەچمە دیدەنی لەو جێ هەوارە
کە بنکەی سووری هیوای هەژارە
کە زانکۆی شەڕی پێشمەرگانەیە
ڕمی ئاراستەی ڕووی بێگانەیە
نەژیام بێتەوە، بچمە سەردانی
پێکەوە بچینە نێو ئاوەدانی
کۆڕی گفتوگۆی هەر وەکو جاران
ببەستین لەگەڵ خەڵکی، ئێواران
بەتێری باسی ئەم زوڵم و زۆرە
شی بکەینەوە بۆیان بە نۆرە
نەژیام کۆرپەیەک ناو بنێم «تۆڵە»
بڕواتە شوێنم با نەڵێن: چۆڵە
نەژیام برازایەک ناو بنێم ژیلوان
تا نەڵێن، گەردوون بۆ پیاو کوژی لوان
برازا تەمێ کا بە مەرگی مامی
ئاو نەدا بە خوێن ڕەگی نەمامی
نەژیام بۆ خەڵکی ببمە جێی بڕوا،
نەڵێن بێ سوود بوو، چش! دەبا بڕوا
نەژیام بۆ نەوەی نوێ، ڕێ تەخت کەم
نەک جارێ سەد جار گیانم بەخت کەم
نەژیم بۆ مردن بمرم پیاوانە
مەرگم ببێتە یەک دەریا وانە
نەژیام تا نەوەی تازە ببینم
بۆیام هەڵڕێژم، چی تیایە، بینم
تا هەموو هەستی پەنگ خواردوی دەروون
دەربڕم و، بانگم بگاتە گەردوون
بیدا لە ژێی گوێی هەموو جەماوەر
پارتیزانانە، ببنە جەنگاوەر..
خەباتی سەختی «کۆمەڵە» و کەڵکی
ببێتە ئەزموون بۆ هەموو خەڵکی
هەر لە خۆرهەڵات، هەتا خۆرئاوا
بڵێن نموونەی کادری ئاوا،
کەم و پوختە بێ، نەک بۆرو، گەلێک بێ
لەگەڵ کاروانی هەرچی گەلێک بێ
ئەشێ بکرێتە سەرمەشقی خەبات
هۆی ڕزگاریی بێ، بۆ گەل و ووڵات
نەژیام بەو ئەرکەی سەرشانم هەستم
بێتە دی هەموو خۆزگە و مەبەستم
بۆ هێنانە دی ئەوانە ئەمرم
بۆیە داوێنی کوردستان ئەگرم:
بمخاتە ڕیزی مەردانی ئازا
ئارەزووم وا بوو، بەڵام نەسازا
ئەم ویست خزمەتی ووڵات پیشەم بێ
ئاڵای سوور بووکی نوێی هەمیشەم بێ
چی بکەم .. نەخشەکەم مردن تێکی دا
دوژمن خوێنەکەم وا لە پێکی دا
بەڵێ پێی وایە لەناوم ئەبا
نازانێ بەرەو هەتاوم ئەبا
بەرەو خۆر، بازووم پێ هەڵ ئەماڵێ
ئەبمە ڕوناکی بۆ هەموو ماڵێ
چەند ڕۆژێکی تر بەرەو سێدارە
ئەبرێم و ئەمرم، گیانیش بێدارە
بۆیە کە دوژمن لێم ببێ بە دێو
پاڕانەوەم لێی نایەتە سەر لێو
زامی ئەشکەنجە و، بەند و کۆت و پەت
سەرم بۆ دوژمن نەوی ناکا قەت
مەردانە پێکی مردن ئەکەم نۆش
چش لەمن، سەری هاوڕێیانم خۆش
بەڵام کە ئەمویست نەمرم بە گەنجی
کوردستان ئەیوت، پێویستمە ڕەنجی