چاوی چەپی پادشا

از کتاب:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 3 دقیقه  955 مشاهده

لە نزیک کۆشکی پادشایەکەوە، بازاڕێکی گەورە هەبوو. لە تەواوی وڵاتەکەوە خەڵک لەوێ کۆ دەبوونەوە شتومەکی خۆیان بفرۆشن. پیاوێکی پیر گایەکی هێنا. گایەکی زۆر باش بوو. کڕیار لێی کۆ بوونەوە. یەکێکیان گوتی:

- لالۆ! گایەکەت گای چاکە، بە چەندی دەدەی؟

پیاوە پیرەکە وەڵامی دایەوە:

- دەیدەم بە چاوی چەپی پاشا.

هەموویان لە قسەی کابرای پیرە سەریان سووڕ ما. چۆن دەوێرێ وا بڵێ؟ ئەگەر پادشا ببیستێتەوە دەستبەجێ سەری دەبڕێ. لەو لای ترەوە یەکێکی تر لێی پرسی:

- گایەکەت بە چەندە؟

کابرا دیسان وەڵامی دایەوە:

- بە چاوی چەپی پادشا.

قسەکە بە تەواوی لە بازاڕەکەدا بڵاو بووەوە. پادشاش بیستییەوە، فەرمانی دا دەستبەجێ کابرا بهێننە لای. کە هێنایان لێی پرسی:

- پیرە پیاوی چەپی منت بۆ چییە وا گایەکی ئاوا باشی پێ دەدەی؟

پیرەکە گوتی:

- پاشا لێم ببوورە. من نازانم. کیژۆڵەیەکم هەیە هەرچییەکی بیڵێ ناتوانم دڵی بشکێنم. ئەو داوای لێ کردووم گایەکەم بفرۆشم بە چاوی چەپی پادشا.

پادشا پیاوە پیرەکەی بەرەڵا کرد و فەرمانی دا کچەکە بهێنن. هەر ئەو ڕۆژە کچەکەیان هێنا. پادشا گوتی:

- بۆچی باوکتت فێر کردووە لەجیاتی گایەکەی چاوی چەپی منی بوێ؟

کچەکە وەڵامی دایەوە:

- چونکە دەمویست تۆ ببینم. هیچ فێڵێکی دیکەش نەبوو بیکەم تا من بانگ کەی.

- بۆچی دەتەویست من ببینی؟

کچەکە گوتی:

- تا پێت بڵێم خەڵک لەبارەی تۆوە چۆن بیر دەکەنەوە.

پادشا گوتی:

- ئا دەی! با بزانین!

کچەکە گوتی:

- بەڵام ئەگەر تووڕە نەبی.

پادشا بەڵێنی دا. کچەکە گوتی:

- خەڵکەکە دەڵێن پادشا چاوی چەپی پێ ناوێ.

- بۆچی وا دەڵێن کیژۆڵە؟

کچەکە گوتی:

- چونکە کە دێنە لات دادیان بپرسی، یان بۆ کارێکی دیکە دێن، تۆ ئەوانی گەورە دەخەیە لای ڕاستەوە، هەژارەکانیش دەخەیە لای چەپەوە. هەمیشەش بە دەوڵەمەندەکان دەڵێی حەقتانە. لەبەر ئەوە خەڵکەکە دەڵێن چاوی چەپت نابینێ.

پادشا تووڕە بوو. فەرمانی دا کچەکە حەپس بکەن. دوای چەند ڕۆژی بیری کردەوە کچەکە تاقی بکاتەوە. داخۆ بەڕاستی ژیر و ئاقڵە؟ فەرمانی دا بیهێنن. کە هێنایان پادشا گوتی:

- ئا دەی کیژۆڵە! تۆ کە ئەوەندە دەزانی پێم بڵێ داراییی من بایی چەندەیە

کچەکە گوتی:

- پێت دەڵێم. بەڵام ئەگەر چەند ڕۆژ لەژێر دەستەڵاتی مندا بی و هەرچییەکی دەیڵێم بیکەی.

پادشا گوتی:

- باشە ئەما، ئەگەر وەڵامی ڕاستت نەداوە سەرت دەبڕم.

- باشە، داراییی تۆ بایی مریشکێکە.

پادشا نەڕاندی:

- دەسبەجێ سەری ببڕن! ئەوە گاڵتە بە من دەکا.

کچەکە گوتی: دوای حەوتوویەک دەتوانی فەرمان بدەی سەرم ببڕن. ئێستا، پادشا بەختیار بێ، من فەرمان دەدەم. پاشان ئەسپاردی پادشا حەپس بکەن و، هیچ خواردەمەنییەکیشی نەدەنێ.

دوای حەوتوویەک چووە بەندیخانە. لەبەر پەنجەرەکەوە مریشکێکی برژاوی بە پادشا نیشان دا. پادشا ملی درێژ کرد، قەپی پیا بکا. بەڵام کچەکە مریشکەکەی کێشا دواوە و پرسی:

- چەندی پێ دەدەی؟

- هەموو لیرەکانمی پێ دەدەم.

- کەمە.

- تەواوی دارایییەکەمی پێ دەدەم.

کچەکە گوتی:

- من پێم نەگوتی دارایییەکەت بایی مریشکێکە؟

کچەکە پادشای بەر دا. پادشا تێ گەیشت کچێکی زۆر عاقڵە. لە کۆشکی خۆی ڕایگرت تا تەگبیری بۆ بکا.